بەهۆی خۆرگیرانەوە دوو کەس چاویان تێکچووە

پزیشکەکەیان وادەڵێت

خۆرگیران – Getty Images

میدیازان – هاوبەش –سلێمانی

پزیشکێک دەڵێت دوو کەس لە کەلار و سەیدسادق رۆژی سێ شەممە بەبێ چاویلکەی تایبەت سەیری خۆرگیرانیان کردووە، بەو هۆیەوە تۆڕی چاویان زیانی پێگەیشتووە و ئاستی بینینی چاویان دابەزیوە.

پێش ئەوەی خۆرگیرانی نیمچەیی رووبدات دەزگا تەندروستیەکان داوایان لەخەڵک کرد تەماشای دیاردەکە نەکەن، چونکە زیان بەچاویان دەگات، بەڵام پێدەچێ هەنێ کەس گوێیان بەوە نەدابێ.

د. ماکۆک محەممەد، پزیشکی چاو لە سەیدسادق بە میدیازانی وت، رۆژی چوار شەممە نەخۆشێکی ٢٥ ساڵ سەردانی نۆڕینگەکەی کردووە، پێشتر ئاستی بینینی ٦ لەسەر ٦ بووە بەڵام بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەکە ئاستی بینینی هەردوو چاوی بۆ ٦ لەسەر ١٢ دابەزیوە.

دەشڵێت، ” ئەوانەی تەماشایان کردووە زۆربەیان بەبێ زیان باش دەبن، بەڵام هەندێکیان شوێنەوارێکی تەڵخ لەسەر بیناییان بەجێ دەمێنێت.”

لە کەلاریش کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەبێ چاویلکەی تایبەت سەیری خۆرگیرانی کردووە، بەو هۆیەوە بەشێک لە تۆڕی چاوی سووتاوە، پزیشکی چاو د. رزگار نەجمەدین نامیق بە میدیازانی وت.

کچەکە خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەییە و سەردانی نۆرینگەی تایبەتی د. رزگاری کردووە، “بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەکە پەڵەیەک لەسەر چاوی دروست بووە.”

د. رزگار نەجمەدین نامیق دەڵێ ‘لە رێگەی چارەسەری پزیشکی دەتوانرێت بە رێژەی نزیکەی سەدا ٤٠ کاریگەرییەکانی زیانی تیشکەکە کەمبکرێتەوە’.

دەزگا پزیشکییەکان بەفەرمی هیچ حاڵەتێکیان تۆمار نەکردووە، بەڵام لەخۆرگیرانی پێشوو شتی لەو جۆرە هەبووە.

د. عەبدولرەحمان حەمە ئەمین بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ تایبەت بە چاو لە سلێمانی بە میدیازانی وت ‘تا ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەکەی رۆژی سێ شەممە سەردانی نەکردووین، بەڵام بەهۆی خۆرگیرانەکەی ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٥ کەس کێشەی چاویان بۆ دروست ببو هاتنە نەخۆشخانەکە’