كارەبا لە خانەقین زۆر كەمی كردووە

964+
راژان مەجید

ماوه‌ی دوو رۆژه‌ كارەبای نیشتمانی لە قه‌زای خانەقین بە شێوەیەكی ئێجگار زۆر كەمی كردووە، هاوڵاتییه‌كیش ده‌ڵێت، كارەبا پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە خانەقین وەك جاران نەماوە.

سه‌یف ئه‌لسه‌عدی ‎بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی كارەبای دیالە ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ـی كانوونی دووه‌م، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە رۆژی 26ـی ئه‌م مانگه‌وه‌ لایەنی ئێرانی گازی ئیشپێكردنی كارەبای وەستاندووە بە مەبەستی چاككردنه‌وه‌ی بۆریی گواستنەوەی گاز لە نێوان هەردوو وڵات”.

وتیشی، “بە حوكمی ئەوەی وێستگەكانمان بە غازی ئێرانی كار دەكات، كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەرمان و ئێستا لە بڕی ئەوە وەزارەتی كارەبا داوای لە وەزارەتی نەوت كردووە سووتەمەنی زیاتر بنێرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم بارودۆخە”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، لایەنی ئێرانی بە وەزارەتی كارەبای عێراقی راگەیاندووە، دۆخەكه‌ ماوەی 12 رۆژ ده‌خایه‌نێت.

” ئێستا بڕی 7500 مێگاوات كارەبامان لەدەستداوە، كە شارەكانی بەغدا و دیالە بە گشتی و پارێزگاكانی فوڕاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا كارەبای نیشتمانییە”، سه‌یف ئه‌لسه‌عدی وای وت.

‎هاوڵاتیانی شاری خانەقین لەم كێشەیە بێبەش نین، بە پێی وتەی هاوڵاتیان ماوەی دوو رۆژە كارەبا بە سیستم دابەش دەكرێت، كاتژمێرێك كارەبا دەدرێت و دوو كاتژمێر ده‌بڕێت.

نێچیروان حەكیم هاوڵاتییه‌كی خانەقینه‌ و دەڵێت، “بە گشتی كارەبا پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە خانەقین وەك جاران نەماوە و ساڵانە لە سەرمای زستان و لە گەرمای هاویندا كارەبا پشت لە هاوڵاتیان دەكات، كەچی ئێمە پێشتر هیچ كێشەیەكمان لەو بارەوه‌ نه‌بوو، هەموو ماوەیەكیش چاككردنی بۆرییه‌كان ماوەیەكی كەمی ده‌خایاند، بۆچی ئه‌مجاره‌ 12 رۆژی ده‌وێت.

‎بڕینی كارەبا لەم ماوەیەدا كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر هاوڵاتیان هەبووە، بە تایبەت كە قوتابیان بە وەرزی تاقیكردنەوەكاندا تێده‌په‌ڕن، هەندێك لە هاوڵاتیانیش ئەمە بە گوشارێكی سیاسی بۆ سەر عێراق دەبینن.