ئامادەكاری بۆ هەر پێشهاتێك

وەزارەتی بارزگانیی عێراق: خۆراكی زۆرمان ئەمبار كردووە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، خۆراكی زۆریان لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراك ئەمبار كردووە، رێوشوێنی باشیشیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی خۆراك و كەلوپەلەكان، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر پێشهاتێكی لەناكاو.

وەزارەتی بارزگانیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، وەزیری بارزگانی ئەسیر داود غورەیری سەرپەرشتی پرۆسەی ئەمباركردنی كەلوپەلی خۆراكی كردووە، هەروەها خۆی سەرپەرشتی پلانی دابینكردنی خۆراك دەكات، بۆ ئەوەی زۆرترین كەلوپەل ئەمبار بكرێت لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراكدا.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، وەزارەت خۆراكی زۆری ئەمبار كردووە و بەردەوامیش دەبن بۆ دابینكردنی بەشەخۆراكی زیاتر و نوێ، ئەمەش وەك ئامادەكاری بۆ هەر بارودۆخێكی لەناكاو، كە ئێستا ناوچەكە روودەدات.

هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا باسی ئەوە كراوە، داوا لە كۆمپانیای كەلوپەلی خۆراك كراوە، گرنگی بە رێوشوێنەكانی پاراستنی خۆراكی ئەمباركراو بدرێت.

حكومەتی عێراق جۆرێك لە ترس و ئامادەكاری پێوەدیارە بەهۆی پێشهاتەكانی ناوچەكە و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵای لوبنانی، هاوكات بەهۆی بوونی چەند هێزێك لە ناو عێراق، كە خۆیان لە بەرەی حەماس و حزبوڵادا دەبینن و جارجار مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل دەكەن، مەترسی ئەوە هەیە ئیسرائیل بۆردومانی ئەو هێزانە لە ناو عێراق بكات و ئاگری شەڕەكە عێراقیش بگرێتەوە.

هەفتەی داهاتوو بایەعی دابەش دەكرێت

هەفتەی داهاتوو بایەعی دابەش دەكرێت