پێنج كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ئۆتۆمبێلێكدا وه‌رگه‌ڕان

میدیازان – دیسکی هەولێر

پێنج پەرستار‌و دوو منداڵ لەبنکەی تەندروستی لەیلان ئه‌مڕۆ لەکاتی چوونیان بۆ دەوامی ئاسایی خۆیان، ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێ و بەهۆیەوە ژنێک و منداڵێک گیان لەدەست دەدەن و ئەوانی تریش بە برینداری دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.

سامان یابە وتەبێژی تەندروستی کەرکوک بۆ میدیازان ئاماژەی بەوەدا کە پێنج فەرمانبەر کە هەموویان ژنن، ماوەیەکە دەوامیان گواستراوەتەوە بۆ بنکەی تەندروستی لەیلان. ئەمڕۆ بەیانی لەکاتی چوونیان بۆ دەوامی ئاسایی خۆیان، تایەی ئۆتۆمبێلەکەیان دەتەقێ و بەو هۆیەوە ئۆتۆمێلەکە وەردەگەڕێ.

زیاتر روونی کردەوە، دەستبەجێ یەکێک لە پەرستارەکان گیان لەدەستدەدات، منداڵێکیش کە دایکی لەگەڵ خۆی بردبووی بۆ دەوام، ئەویش گیانی لەدەستداوە.

وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک باسی لەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە پێنج پەرستارو دوو منداڵی تێدا بووە، وتی “ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە، دایکی لەژیان ماوە، بەڵام بریندارە، سێ ژنەکە و منداڵەکەی تریش هەموویان بریندارن، یەکێکیان رەوانەی چاودێری چڕ کراوەو یەکێکی تریش هەموو گیانی شکاوەو منداڵەکەش بریندارە”.

بەپێی زانیارییەکانی دەست میدیازان کەوتووە، ئەو پەرستارەی بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەوە گیانی لەدەستداوە، دایکی سێ کچ و کوڕێکە.

ناحیەی لەیلان، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی باشووری کەرکوک، ٢٤ کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە.