قایمقامی نوێی سەیدسادق بۆ 964: داواكاریی خەڵكی قەزاکە جێبەجێ دەكەین

+964
كوردستان ئەحمەد

قایمقامی نوێی سەیدسادق دەستبەكار بوو، دەڵێت لەگەڵ ئەنجومەنی گەڕەكەكانی شارەكە کۆدەبێتەوە و داواكارییەكانیان جێبەجێ دەکات.

رەزا محەمەد ئیسماعیل کە وەک قائیمقامی نوێی قەزای سەیدسادق دیاریکرا، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە یاسادا و پێشتر قائیمقامی سێ قەزا و بەڕێوەبەری سێ ناحیە بووە.

تۆڕی 964 پرسیاری لێکرد کە ئایا داواكارییەكانی خەڵكی قەزای سەیدسادق جێبەجێ دەكەن؟ ئەو لە وەڵامدا وتی، “جارێ ئەمڕۆ دەستبەكار بووم، بەم نزیكانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی قەزاكە و ئەنجوومەنی گەڕەکەكان كۆدەبمەوە و هەر داواكارییەكیان هەبێت لەلای خۆم یاداشتی دەكەم و هەوڵدەدەم زۆرترین داواكاریی جێبەجێ بكەم”.

“ئێستا ئەولەویەتی بەردەستی من ئەوەیە پارە بۆ ئەو پڕۆژانە پەیدا بكەم كە پێویستی سەرەكی هاوڵاتیانی شارەكەن و هەوڵدەدەین بەپێی توانا كارەكان بە باشی بەڕێوە ببەین”، رەزا محەمەد وای وت.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی دیاری رەفیق، قائیمقامی پێشووی قەزای سەیدسادق، ئەمڕۆ دووشەممە، رەزا محەمەد ئیسماعیل وەک قائیمقامی نوێی قەزاکە دەستبەکار بوو.

رەزا محەمەد لە ساڵی 1975 لەدایکبووە، لە 1997 بڕوانامەی یاسا و رامیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە، لە 1998یش خولی باڵای ئەفسەرانی تایبەت بە دەرچووانی زانکۆی لە سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی 2022یش بڕوانامەی ماستەری هەر لەو بوارە بەدەستهێناوە.

قائیمقامی نوێی سەیدسادق لە ساڵانی 2000 تاوەکو 2007 بەڕێوەبەری ناحیەکانی بنگرد، سەردەشت و پیرەمەگرون بووە، لە 2007 تاوەکو 2010 قائیمقامی قەزای دوکان بووە، دواتر بۆ ماوەی چوار ساڵ لە پۆستی قائیمقامی پێنجوێندا بووە و لە 2014 وەک قائیمقامی قەزای دەربەندیخان دیاریکرا و ماوەی ساڵێک لەو پۆستەدا بەردەوام بوو.

گفتوگۆ لەگەڵ قایمقامی نوێی سەیدسادق