ههشت نان دەبێتەوە بە هەزار دینار
میدیازان – دیسکی سلێمانی
لە هەرێمی کوردستان نرخی فەردەیەک ئاردی تورکی، ئەو ئاردەی کە نانەواخانەکان بۆ نان کردن بەکاریدەهێنن، نزیکەی 8 هەزار دیناری ماوە بگاتەوە بەو نرخەی کە پێش شەڕی ئۆکراین هەبوو، چاودێری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت، 8 نان دەبێتەوە بە هەزار دینار.
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی فەردەیەک ئاردی تورکی دابەزیوە بۆ 44 هەزار دینار و بەراورد بە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرین نزیکەی 11 هەزار دینار دابەزیوە.
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، “هەرکاتێک نرخی فەردەیەک ئارد دابەزێت بۆ کەمتر لە 40 هەزار دینار، دەبێت نانەواخانەكان 8 نان بكەنەوە بە هەزار دینار.”
بڕیارێک گەیشتووەتە دەست ژووری بازرگانی سلێمانی، بە وتەی سۆران عەبدولغەفوور، بەپێی ئەو بڕیارە “رەنگە جارێکی دیکە ماوەی لێخۆشبوونی باج بۆ 14 جۆر ماددەی خۆراکی درێژ بکرێتەوە” و ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی ئارد دەبێت.
کاتێك 8 نان بە هەزار دینار بوو فەردەیەك ئاردی تورکی لە جۆری “بیشلەر” كە نانەواخانەكان بۆ نان بەكاریدەهێنن نرخەكەی لە نزیكی 36 هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر بەهۆی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین، نرخی فەردەیەك ئارد بۆ نزیكی 55 هەزار دینار بەرزبووەوە. ئەو ماددە خۆراكییانەی كە لە باج بەخشراون، زیاتریان بریتین لە پاقلەمەنی و شیرەمەنی و زەیت و دانەوێڵە، کە گەنمیش دەگرێتەوە.