زانکۆی دهۆک جەنگ دژی تاکسی رادەگەیەنێت

زانکۆی دهۆک ئاگاداری هەڵواسیوە – میدیازان

میدیازان  – زەید کۆچەر – دهۆک

لەمەودوا هیچ تاکسییەک بۆی نییە بچێتە حەرەمی زانکۆی دهۆک، خوێندکارەکان خەمی ئەوەیانە چۆن ئەو ماوە زۆرەی گۆڕەپانەکە بەپێ ببڕن، سەرۆکایەتی زانکۆ دەڵێ بەپێ مەڕۆن، فەرموو ئەوە پاس، بەڵام تاکسی قەدەغەیە.

ماوەی مانگێکە زانکۆی دهۆک رێگری لە تاکسیی دەکات بچێتە ناو زانکۆیەکەیان، ئەمەش قوتابیانی زانکۆکەی نیگەران کردووە. راگری کۆلیژی بنیات دەڵێ، بۆ رێگری بووە لە قەرەباڵغی لەناو زانکۆ، پاس بۆ قوتابیان دابینکراوە.

لەدەستپێکی خوێندنی ئەمساڵەوە، زانکۆی دهۆک بڕیاریداوە چیتر ئەو تاکسییانەی کە هاوتوچۆ بە قوتابیان دەکات، نەچنە ناو حەرەمی زانکۆو قوتابیان لەبەردەم پرسگەی زانکۆ دابگرن.

ئەو بڕیارەی زانکۆی دهۆک، قوتابیانی نیگەران کردووەو ئەوان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن بەهۆی دووری بەشێک لە کۆلیژەکان لەپرسگەی زانکۆ.

زانکۆی دهۆک، ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوەو بیناکەی سێ کیلۆ مەترو نیو لە سەنتەری شار دوورە، نزیکەی ٢٠ کۆلیژی تێدایە، لەوانە كۆلیژی پزیشكی، كۆلیژی پزیشكی ددان، كۆلیژی زمان، کۆلیژی بنیات، كۆلیژی زانست، هونەرە جوانەكان، ئەندازیاری، كارگێری و ئابووری و چەندانی تریش. 

زانکۆیەکە، ٢٢ هەزارو ٩٤٢ قوتابی هەیەو نزیکەی چوار ٥٠٠ مامۆستاو فەرمانبەری هەیە.

موەیەد عەرەفات، راگرێ کۆلیژی بنیات بە میدیازانی وت، بڕیارەکە بۆ ئەوە دراوە کە کەشی ناو زانکۆ تێک نەچێ، چونکە زانکۆیەکە نزیکەی ٢٠ کۆلیژی تێدایەو هەزاران قوتابی تێیدا دەخوێنن، زیاتر وتی “بەرانبەر بەوە، سەرۆکایەتی زانکۆ ٢٠ پاسی بۆ قوتابیان دابینکردووە کە هاتوچۆیان پێ بکات”.

بەڵام رەیان سلێمان کە قوتابی زانکۆیەکە دەڵێ، ئەو بڕیارە وایکردووە زۆرجار بە وانەی یەکەم پێڕا نەگەین و دوا بکەوین، چونکە رێگایەکە زیاتر لە ١٥ خولەک لە کۆلیژەکان دوورە.

وتیشی “زۆرجار پاسەکان فریا ناکەون و بەشی قوتابیان ناکەن بیگوازنەوە”.