پسپۆرێک وەڵام دەداتەوە

کێن ئەو کەسانەی، پێویستە دژ بە پەتاکان بچن بۆ کوتان؟


ئەحمەد مستەفا

پسپۆڕێکی نەخۆشییە هەناوییەکان لە خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، “پایز هاتووە و وەکو هەموو ساڵێک ئیتر کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا ئەنفلۆزاییەکانە”، ئەوکەسانەش دیاری دەکات کە پێویستە خۆیان بکوتن دژی پەتا و ئەنفلۆنزاکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2.10.2024، دکتۆر دانیال ئاغال، پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان لە خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ئە‎وانەی نەخۆشیی درێژخایەنییان هەیە وەکو شەکرە، زەخت، رەبوو دەبێت خۆیان بکوتن، وە لە بنەڕەتدا ڤا‎کسینەکە خۆی نەخۆشیی دروست ناکات.

ئەو ز‎ۆر گرنگی داناوە کە، ئە‎وانەی سەروو تەمەنی 65 ساڵن، یان ئە‎وانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە، زەخت، رەبوو، وە ئە‎وانەی بەرگرییان لاوازە لە زگماکەوە یان لاوازە بەهۆی د‎ەرمانەوە وەکو ئەوانەی ناشتنی گورچیلەیان بۆ کراوە، یان ژ‎نانی دوو گیانن پێویستە بکوترێن.

گۆڕانی کەشوهەوا و گۆڕانی کەشی گەرما بۆ سەرما، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە هاوڵاتیان تووش بە پەتا و ئەنفلۆنزا وەرزییەکان دەکات، ئەو پسپۆڕە رێنمایی ئەوەشی کردووە، ئە‎وانەی کە لە ناو ماڵ لەگەڵ ئەو کەسانە دەژین بەردەوام پێویستە خۆیان بکوتن.