پەرلەمانتارێک داواکەی کردووە
شوێنەوارەکانی گەرمیان دەیانەوێت یونسکۆ بیان ناسێنێت
964+
ئەحمەد مستەفا
داوا لە دەستەی شوێنەوارەکانی عێراق کرا کار بۆ ئەوە بکات، شوێنەوارەکانی سنووری گەرمیان کە تەمەنی 200 ساڵ بۆ چوار هەزار ساڵیان هەیە، یونسکۆ بە فەڕمی بیان ناسێنێت.
داواکارییەکە ئەمڕۆ سێشەممە 30.9.2024، لەلایەن پەرلەمانتار کاروان یاروەیس، لە بەغدا پێشکەش بە دەستەکە کراوە.
کاروان یاروەیس بە 964ی وت، “ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی عەبدولشەلغەم، سەرۆکی دەستەی شوێنەوار و کەلەپورییەکانی عێراق کۆبووەتەوە، داوایان کردووە شوێنەوارەکانی گەرمیان بخرێتە لیستی یونسکۆەوە و بەفەڕمی لەلایەن ئەو رێکخراوەوە بناسێنرێن”.
شوێنەوارەکانی قەڵای شێروانە، حەوشکوروو، هەڵکۆڵراوەکانی بیلولە و گۆڕ دەخمە لە کفری لەناو ناوان بوون بۆ داواکارییەکە، کاروان یاروەیس وتی، ” داواکارییەکە بۆ ئەوە بووە بەهۆی بوونی مەرج و پێوەرەکانی شوێنەوارەوە هەوڵبدرێت، بخرێنە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکان”.
پەرلەمانتارەکە لە هەمان کاتدا داوای کردووە، هەوڵبدرێت خانووی کەسایەتی عومەر نەزمی لە کفری کە لەکابینەی رەشید گەیلانی چەند جارێک وەزیر بووە و شوێنەواری حەوشکوروو نۆژەن بکرێنەوە، “لە بەرامبەردا سەرۆکی دەستەی شوێنەوار و کەلەپوریی عێراق بەڵێنی داوە، هەوڵەکانیان بخەنەگەر بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان”، یاروەیس وای وت.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 500 شوێنەواری جۆراوجۆر بوونیان هەیە، بەشێکیان ناوبانگیان هەیە و بەشێکی دیکەشیان تەنیا تۆمارکراون و بەناو هێنان دەناسرێنەوە، هەندێکیشیان مەترسی رووخاندنیان لەسەرە.
دەقی نوسراوەکان و سەردانی پەرلەمانتار کاروان یاروەیس؛