ئەگەر بەنیازی منداڵبوونی.. بوەستە دەرزی نەماوە
میدیازان – شانۆ کەمال – هەولێر
لەکەلار ئەو جۆرە دەرزیانە نەماوە کە بۆ ژنی دووگیان بەکاردێت، نەخۆشخانە لەوێ چاوەڕێی دەستی خێرخوازانە.
نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقییب بۆ ژنان و منداڵبوون کە لەشاری کەلارە لە پەیجی فەرمی خۆی بانگەوازێکی بڵاوکردۆتەوە داوا لە سەرمایەداران و خێرخوازان دەکات کە یارمەتیان بدەن بۆ کڕینی دەرمان.
شێرەی نەقییب تاکە نەخۆشخانەی حکومی ژنان و منداڵبوونە لەکەلار.
لە بانگەوازەکەدا باس لە نەمانی دەرزی جۆری (anti D)دەکەن، ئەو جۆرە دەرزییەی ژنی دووگیان بەکاری دەهێنێت لەکاتێکدا ئەگەر ژن و پیاوەکە جۆری خوێنەکەیان ناچونیەک بوون.
دکتۆر سیروان محەمەد بەرێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بەمیدیازانی وت “پارەی دەرمانمان بۆ سەرف ناکرێت نزیکەی دوو بۆ سێ ملیار قەرزدارین بۆیە دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا نەماوە و خەڵکی ناچارن لە دەرەوە بیکڕن”.
وتیشی، “نرخی هەر یەکێک لەو دەرزییە ٥٠ هەزار بۆ سەد هەزارە و کەسانی کەمدەرامەت توانای کڕینیان نیە”.