ڤێرتێرنەری هەولێر: ڤاکسین بۆ مەڕوماڵات دابین نەکەن کارەسات روودەدات

964+

توانا نەقی

جۆرە ڤایرۆسێک لە ناو مەڕ و ماڵاتدا بڵاوبووەتەوە کە مەترسی لەناوچونیان زۆرە، ڤێرتێرنەری هەولێریش دەڵیت ئەگەر ڤاکسینمان بۆ دابین نەکەن کارەسات روودەدات.

مامەند قادر، بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری هەولێر بە تۆڕی964ی راگەیاند، ڤایرۆسەکە ناوی(fmd)ـە، لە موسڵ و بەردەڕەش و گوندەکانی دەوروبەری هەولێر بڵاوبووەتەوە.

وتیشی “ڤایرۆسەکە توشی گوێرەکە و بەرخ دەبێت، زیاتر کاریگەری خراپی لەسەر شیرەکەیی و گۆشتەکەشی دەبێت، ئەگەر فریای نەکەون ئەوە کارەساتی گەورە رووبەڕووی ئاژەڵدارەکان دەبێتەوە”.

ڤایرۆسی (FMD) ناوە زانستییەکەی (Foot-and-mouth disease)ـە، جۆرە ڤایرۆسێکە تووشی مەڕوماڵات دەبێت و زۆرجاریش دەبێتە ڤایرۆسێکی بکوژ.

ئەو ڤایرۆسە، کاریگەری گەورەی لەسەر سامان ئاژەڵ دروستدەکات، بەهۆی ئەوەی بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و کۆنتڕۆڵکردنیشی پێویستی بە هەڵمەتێکی گەورەی لێدانی ڤاکسین هەیە دژی ئەو ڤایرۆسە، تەنانەت پێویستی بە چاودێری و کەرەنتیەنەی مەڕوماڵاتیش هەیە، ئەگەر زۆریش پێویست بکات ئەوا پێویست دەکات هەندێکجار ئاژەڵەکە بکوژیت.

ئەو ڤایرۆسە زیاتر دووچاری مانگا و بەراز دەبێتەوە، بەڵام مەڕ و بزن و ئاژەڵەکانی دیکەش پارێزراو نین و ئەگەری تووشبوونیان هەیە.‏

هەر ئاژەڵێک بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە کەرەنتینە بکرێت، ئەوا دەبێت 12 رۆژ لە کەرەنتینە بمێنێتەوە.

سەبارەت بە هۆکارەکەشی بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئاژەڵانە پێشتر نەکوتراون، یان بە ڤاکسینی خراپ کوتێنراون، ئێمە ئێستا هێچ ڤاکسینێکمان نییە دەبێت وەزارەت بۆمان دابین بکات بە زوویی ئەگینا زیاتر تەشەنەدەکات و لەناو دەچن.

“ڤایرۆسەکە چارەسەری نییە، دەبێت پێش توشبوون بکوترێن، داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردوە هەرچی زووە ڤاکسینمان بۆ دابینبکەن بۆ ئەوەی هەڵمەتێک بکەین بۆ ئەوانەی تووش نەبوون بوکترێن پێش توشبونیان” مامەند قادر وادەڵێت.

ڤایرۆسی  fmd دەبێتە هۆی پژمینی زۆری ئاژەڵەکە و هەروەها دروستبوونی برین لەناو دەمی و بەرزبوونەوی تا بە ڕێژەیەکی زۆر و دواتر مردنی.

ئەو ڤایرۆسە، ساڵی 2011 دواجاری دەرکەوتنی بوو لە کۆریای باشوور، هاوکات یەکەم دەرکەوتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1970 لە ئەمەریکا.