450 رۆژی بۆ دانرا
ماستەرپلانەکەی؛ هەڵەبجە دەبوژێنێتەوە و فراوانی دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی شارەوانی و كۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، گرێبەستی دانانی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەیان واژۆكرد، تا ئێستا هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە، بە قسەی وەزیری شارەوانی، ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانە 450 رۆژی بۆ دانرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.9.2024، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و كۆمپانیای خطیب و علمي، گرێبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار واژۆ کرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی لەمیانی واژۆكردنی گرێبەستی پڕۆژەكەدا بە میدیاکانی وت، لە پاش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی وەزارەت لە 28.2.2024 سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەیان كرد و لەگەڵ پارێزگار و دامودەزگاكانی هەڵەبجە كۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر چۆنیەتی دەستپێكردنی ماستەرپلانەكە و راوێژكاران و نەخشەدانانیی ئاوەدانی کردووە.
سەبارەت بە دابینكردنی گوژمە و ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە وەزیر وتی، ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكە 450 رۆژە و كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنی داوە كەمتریش لەو وادەیەدا تەواوی بكات، گوژمەی پڕۆژەكەش زیاتر لە یەك ملیار دینارە و لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەموو هاوئاهەنگی و ئاسانكاریەكیش پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی باشترین و جوانترین و گونجاوترین و پێویستترین ماستەرپلان بۆ شاری هەڵەبجە جێبەجێ بكەین.
تا ئێستا شاری هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە و ئەوەش رۆتینی بەردەم کارەکانی، بوژانەوە، فراوان بوون، هەیکەلەی کارگێڕی، سنوور، دەسەڵاتی کارگێڕی و یاسایی دروست کردبوو، بەڵام لەئەمڕۆوەش دروستکردنی ماستەرپلانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆیەوە شارەكە بەپێی ستانداردە جیهانییەكان فراوان دەبێت و دەبووژێتەوە.
دیمەنی واژۆکردنی گرێبەستی دروستکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە؛