شایى بوو بە شین

ساڵێک بەسەر رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى حەمدانییەدا تێدەپەڕێت

964+

وریا فەتاح

“دڵخۆشیمان لەگەڵ خودا دەستپێدەکات و بە ئامادەبوونى ئێوەش کۆتایى دێت”، ئەمە ئەو رستەیە بوو کە حەنین و ریڤان بۆ ئاهەنگى هاوسەرگیریان لە هۆڵى هەیسەم، بانگهێشتى میوانەکانیان پێکردبوو، بەڵام ئەوەى چاوەڕێ نەدەکرا روویدا و ئاهەنگ و خۆشى گۆڕا بۆ هاوار و گریان و پرسە.

لە رووداوەکەدا 134 کەس گیانیان لەدەست دا و 200 کەسیش بریندار بوون.

ئێوارەى 26ـى ئەیلولى 2023، لە شارۆچکەى حەمدانییەى سەر بە پارێزگاى نەینەوان، لە ئاهەنگێکى بووک گواستنەوە کارەساتێکى گەورە روویدا و هۆڵەکە بوو بە یەک پارچە لە ئاگر و شایى گۆڕا بۆشین، هەر زووش ئازار و گەورەیى رووداوەکە میدیاى جیهانى داپۆشى.

چرکەساتى رووداوەکە بەشێوەیەک بوو، ئەو کاتەى حەنین و ریڤان لە ناوەڕاستى هۆڵەکە و لە بەرچاوى میوانەکانیان سەمایان دەکرد و بەدەورى یەکتریدا دەخولانەوە، پڕشکە ئاگرێک لە بنمیچى هۆڵى هەیسەم دەکەوێتەوە و وەک پوشى بەر رەشەبا، هۆڵەکە گڕ دەگرێت و کەس ناگات بە کەس.

ئەمڕۆ کە ساڵێک بەسەر رووداوەکەدا تێدەپەڕێت، بەپێى دواین ئامارەکان کە 964 لە رۆنى سالم، ئەمین سڕ مەترانییەى سریانى کاسۆلیکەکان لە قەزاى حەمدانییە وەرى گرتووە، 134 کەس بەهۆى ئاگرەکەوە گیانیان لە دەست دا و 200 کەس بریندار بوون.

گەورەیى رووداوەکە واى کرد هەر زوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت، بەڵام بە وتەى ماجد شەنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەکانى عێراق کە بۆ 964 قسەى کردووە، لیژنەکە لە ئەنجامى کۆتایى راپۆرتەکەیان مەوفەق نەبوون.

لێکۆڵینەوەکانى لیژنەکە گەیشتن بەوەى کە هۆکارى رووداوەکە بەهۆى شۆرتى کارەبایى بووە و کەمتەرخەمیش لە بەرگرى شارستانى و حکومەتى خۆجێى و خاوەن هۆڵەکە هەبووە، وەک ئەوەى ماجد شەنگالى باسى دەکات، دوورخستنەوەى قایمقامى حەمدانییە و بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى و دەستگیرکردنى خاوەن هۆڵەکە، کیفایەت نییە بۆ ئەو رووداوە گەورەیە.

ئەو پێى وایە، دەبوایە لیژنەیەکى ورد و پسپۆڕ لێکۆڵینەوەى جدیترى بکردایە، چونکە نە هۆڵەکە گونجاو بووە بۆ ئەنجامدانى بۆنە، نە دەرگاى چوونە دەرەوە و دەریاى فریاگوزارى هەبووە.

وەک ئەوەى باسى دەکات، بە کەمتر لە 15 خولەک، هۆڵەکە یەک پارچە بووە بەڕەژوو و بەشێکى زۆر لە ئامادەبووانى هۆڵەکە بوون بە سوتماک.

عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری موسڵ لە رێنماییەکدا کە ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی کردووە، داوا دەکات لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.9.2024، خولەکێک بە بێدەنگی بوەستن، بە یادی کارەساتی دڵتەزێنی ئاگرەکەی حەمدانییە کە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریـدا روویدا.

یەکێک لە بریندارانی حەمدانییە لە تورکیا و لە کاتی چارە...

یەکێک لە بریندارانی حەمدانییە لە تورکیا و لە کاتی چارەسەرکردنیدا منداڵی بوو