بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن

لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 700 هەزار مەتر فلێکس لەچاپدراوە

964+

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى بانگەشەى هەڵبژاردن بە رێژەى 13 بۆ 15% کاریگەرى لەسەر هاوڵاتیان هەیە و بۆچوونەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام بە سەدان هەزار مەتر فلێکس و ئامێرى جۆراو جۆر بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بەکار دەهێنرێن و کاریگەرى گەورەیان لەسەر پیسبوونى ژینگە دەبێت.

هەڵبژاردن جگە لەوەى رووداوێکى دیموکراسییە، بەڵام پرۆسەیەکى ئاڵۆزە و کاریگەرى تەواوى لەسەر ژینگە و بارودۆخى دەروونى خەڵک هەیە، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەى ئاستى ململانێ تێیاندا بەرزە و بانگەشەکان بەشێوەى تەقلیدى بەڕێوە دەچن.

یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى پرسى ژینگەییە، لە کاتێکدا هەڵبژاردن بەشێکی دانەبڕاوە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵام دەتوانێت زیان بە ژینگەش بگەیەنێت.

زۆرجار وا روودەدات کە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنێکی دیاریکراو بەرهەم دەهێنرێت و دواتر دوای رووداوەکە وەک پاشماوە فڕێدەدرێت، بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2018 لە مالیزیا، وڵاتەکە 18 هەزار و 776 تۆن پاشماوەی بانگەشەى لە ماوەی یەک مانگدا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان فڕێدا.

لەو کاتەوە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مالیزیا داکۆکى دەکەن لە توندکردنەوەى سیاسەتى بەکارنەهێنانى کەرەستەى پیسکەر بۆ هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن.

دەزگاکانى هەڵبژاردن لە هەریەک لە هیندستان و سریلانکا و فلیپین و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکى دیکە، میکانیزمى جۆراوجۆریان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییە نەرێنییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن لەسەر ژینگە.

لەوانە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان کۆمەڵێک دەستپێشخەری ژینگەیى خستەڕوو لە دژى بانگەشە بە ئامێرە پلاستیکییەکان، بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2019، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رێنمایی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کرد کە واز لە بەکارهێنانی پلاستیکی بهێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن وەک پۆستەر و لافیتە.

لە سریلانکا، ساڵى 2019 پارتێکى گەورەى وەک (SLPP) بووە یەکەم لایەن کە سەرکەوتوو بوو لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی هەستیارى بانگەشە کە زیان بە ژینگە نەگەیەنێت، تەنانەت ئۆتۆمبێلى کارەباییان بەکارهێنا و رێگربوون لە دەردانى کاربۆن، جگە لەوە لە هەر شارێک هەڵمەتێکى ناشتنى نەمامیان دەستپێکرد بۆ ئەوەى کاریگەرییە نەرێنییەکانى بانگەشە لەسەر ژینگە قەرەبوو بکەنەوە.

بانگەشەى هەڵبژاردن و دۆخى ژینگە لە هەرێمى کوردستان

شەوى رابردوو لە هەرێمى کوردستان بانگەشەى هەڵبژاردن دەستیپێکرد، کاتێک رۆژ بووەوە دار و دیوارى شار و ناوچەکان بوون بە فلێکس و وێنە و لۆگۆ و دروشم.

لە هەرێمى کوردستان، 136 لیست و 1191 کاندیدى پەسەندکرا و 38 کاندیدى پێکهاتەکان دەستیان بە بانگەشەى هەڵبژاردن کردووە.

مەعروف مەجید سەرۆکى رێکخراوى ئایندە بۆ پاراستنى ژینگە باسى لەوەکرد، تائێستاش بەشێک لە کاریگەرییە ژینگەییەکانى بانگەشەکانى پێشووتر ماون و کاریگەریان ماوە، بەتایبەت ئەوانەى بە مادە لکێنەرەکان هەڵواسرابوون.

ئەو پێى وایە، بانگەشەى ئەمجارە باشترە و تا رادەیەک رەچاوى لایەنى ژینگەیى کراوە، بەڵام دەشڵێت: بە پێشکەوتنى ئامێرەکانى پەیوەندى دەکرێت بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو میکانیزمى نوێ بگیرێتەبەر و واز لە فلێکس و پۆستەرات بهێنرێت و زیاتر بیر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بکرێتەوە.

ئەو بە پێویستى دەزانێت، بۆ ئایندە بیر لەوە بکرێتەوە لە هەر شارێک ناوچەیەکى دیاریکراوى بانگەشە دیاری بکرێت کە هێزەکان لەوێدا پۆستەرى بانگەشەکانیان هەڵبواسن.

964 قسەى لەگەڵ چەند چاپخانەیەکى جیاواز و کاندیدى جیاواز کرد، لەبارەى لەچاپدانى پۆستەرى بانگەشەى هەڵبژاردن، بەپێى خەمڵاندنەکان دەردەکەوێت هەر کاندیدێک 750 بۆ هەزار مەتر فلێکسى بانگەشەى لەچاپدابێت.

کاندید و لایەنەکان نزیکەى 700 هەزار مەتر فلێکسیان لەچاپداوە

بۆ هەڵبژاردنى ئەم خولە 1365 کاندید و لیست لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسەندکراون و لە بانگەشەدان ئەگەر هەر یەکێکیان 500 مەتر فلێکسیان لە چاپدابێت، ئەوا دەکاتە 682 هەزار و 500 مەتر، ئەم ئامارە بنەمایەکى 100%ـى نییە، چونکە داتاى دروست لەبەردەست نییە و تەنیا خەمڵاندنێکە.

بەپێى توێژینەوەکان، بانگەشەى هەڵبژاردن بە هەموو جۆرەکانییە بە رێژەى 13 بۆ 16% کاریگەرى لەسەر خەڵک دەبێت بۆ بەشداریکردنیان و گۆڕینى بۆچونیان لەبارەى هێز و کاندیدەکان و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە.

ئەمشەو کاتژمێر 12:01 بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات

ئەمشەو کاتژمێر 12:01 بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات