لەبن 75 دۆلارە
نرخى نەوت بەرزە
964+
وریا فەتاح
دواى دابەزینە بەردەوامەکانى هەفتەکانى رابردوو لە نرخى نەوت، چەند رۆژێکە نرخەکەى رووى لە بەرزبوونەوە کردووە، هەرچەندە دوێنێ لە کاتى کردنەوەى بازاڕى نەوت لە سەرووى 75 دۆلارەوە مامەڵەى پێوەکرا، بەڵام ئەمرۆ چەند سەنتێک لە خوار 75 دۆلارەوەیە.
بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کردنەوەى بازارەکانى نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 74 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەڕێژەى 0.68 سەنت لە چاو ئێوارەى دوێنێدا بەرز بوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە.
هەرچی نەوتی تێکساسیشە نرخی بەرمێلێکی 71 دۆلار و 15 سەنتە.
تەشەنەکردن گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەرزى رێژەى نەوتى کۆگاکراوى ئەمەریکا لە هۆکارە سەرەکییەکانى گۆڕانکارییەکانن لە بەهاى نەوت لە جیهاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایگەیاند، ئامادەیە نەوتی كوردستان رەوانەی دەرەوە بكات، داوای كۆبوونەوەی بەپەلەش دەكات.
كۆمەڵەكە كە بە “ئەپیكۆر” ناسراوە، رۆژى یەکشەممەى رابردوو 22.9.2024 لە راگەیاندراوێكدا داوای کۆبوونەوەی “بەپەلە” سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات لە نێوان خۆیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق.
كۆمەڵەكە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگانییەکانیشیان بپارێزرێن.