"زیانێکی زۆر بە سروشت گەیشتووە"
لە پێنجوێن بۆ دۆشاوی شۆکە چەندین دار بڕاونەتەوە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە گوندی بیستانی قەزای پێنجوێن، بۆ دروستکردنی دۆشاوی شۆکە چەندین دار بڕدڕاون و پۆلیسی دارستان و ژینگەش بەدوای ئەنجامدەرانی ئەو کارەدا دەگەڕێت.
لوقمان بیستانی بە 964ـی وت، “زۆر بێ ویژدانانە و بێ بەزییانە هەستاون بە بڕینی دارەکان، لە کاتێکدا بۆ شۆکە پێویستە تەنها ئەو لقانە ببڕدرێتەوە کە شیلەکەی پێوەیە”.
“بە وتەی چەند شایەتحاڵێک هەندێک لە دارەکان لە بندا بڕاونەتەوە، تەنانەت هەندێکیان هیچ شۆکەیان پێوە نەبووە و هەر بینیویانە دار بەڕووە، یەکسەر بڕیویانەتەوە و زیانێکی زۆریان بە سروشت گەیاندووە”، لوقمان وای وت.
گوندی بیستان لە سنوری ناحیەی گەرمکە لە قەزای پێنجوێن، محەمەد عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمک بە 964ـی وت، “زانیاری ورد و تەواومان لەسەر ئەو بابەتە هەیە و بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێین کە ئەو کارەیان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە بۆ بڕێنەوەی دارەکان، مشارێکی بچوکی بێدەنگ بەکاردەهێن، ئەوەش دۆزینەوەی کەسەکانی کەمێک زەحمەت کردووە.
داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، هاوکاریان بن و هەرکات بینیان کەسانێک زیان بە دار و درەختەکان دەگەیەنن و دەیانبڕنەوە، ئاگاداریان بکەنەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمک وتیشی، شیلەی شۆکە کە ساڵانە بە دارەکانەوە دەلکێت، سوودێکی زۆری بۆ درەختەکان هەیە، چونکە بە لقی درەختەکانەوە دەنیشێت و ئەو لقانەش کە دەبڕدرێنەوە دەبێتەهۆی زیادبوونی نەشونمای درەختەکان.
شۆکە، شیلەی مێروویەکە کە بە زمانی عەرەبی پێی دەوترێت (المن)، دوای بڕینی لقی دارەکان دەکوڵێندرێت و دەبێتە خواردنێکی بەتام و بەیانیان دەخورێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری