لە مەریوان

ئێران کوشتنی فەرماندەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی راگەیاند

شۆڕش قادری

ئێران کوشتنی فەرماندەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە مەریوان راگەیاند.

ئاژانسی هەوڵی مێهر لەزاری ئەحمەد عەلی گودەرزی فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانیان و ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سنوورەکانی شاری مەریوان، رێبوار کەریمیان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی کۆمەڵە کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

“هەر لە شەڕەکەدا ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران بریندار بووە و باری تەندروستی جێگیرە”، گودەرزی وای وتووە.

دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، “بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19.9.2024 رێبوار کەریمیان ناسراو بە رێبوار دارسێران ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەمان لە ناوچەی پیرانەکۆن دوای چەندین کاتژمێر شەڕ و خۆڕاگری گیانی بەخت کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای شەڕەکە ئێران ناوچەکەی تۆپباران کردووە.