کۆمەڵگەیەکی پیشەیی لە سلێمانی دەکرێتەوە
+964
رێژوان مامە قادر ـ سلێمانی
پەروەردەی سلیمانی لەهەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەی پیشەییدایە و پڕۆژەکەش 50 ملیۆن دۆلاری دەوێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا بڕیاربوو لە هەر سێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک، سێ کۆمەڵگەی پیشەیی گەورە درووستبکرێت، لەگەڵ ئەوەی لە سلێمانی دیزاین و هەموو شتێکی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کۆمەڵگەکە دروستنەکرا.
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند، وەزیری پەروەردە پێشنیاری ئەوەی کردووە لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە ئەو پڕۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن لە هەر سێ پارێزگاکە.
وتیشی، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی قسە لەگەڵ سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی شار دەکات، لە کۆتایدا کۆمپانیای “مایا” رەزامەندی دەردەبڕێت و پڕۆژەیەک پێشکەش دەکات، لە ئێستادا چەند لیژنەیەک کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن و دوای دیراسەکردنی تەواوی پڕۆژەکە دەدرێتەوە بە کۆمپانیاکە و رەزامەندی کۆتایی لای وەزارەتی پەروەردەیە و ئەوکاتە وردەکاریەکەی رادەگەیەنن.
بە پێی ئامارەکانی پەروەردەی سلیمانی نزیکەی 300 خویندنگەی پیشەی لەپارێزگای سلێمانی هەن.
عومەر محەمەد، باسی لەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەو کۆمەڵگەیە رەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجەکان و فێرکردنی گەنجەکانە بە پیشەی جیاواز، هەروەها گۆڕینی ئەو سیستمی خوێندنەی کە ئێستا لە ئامادەییە پیشەییەکان دەخوێندرێت کە پڕۆگرامێکی کۆنە و نەگونجاوە بۆ ئێستا.
دوای دروستکردنی کۆمەڵگاکە بڕیار وایە لە سەرەتادا بەشێکی خوێندنگە پیشەییەکان ببردرێن بۆ کۆمەڵگەکە و دواتریش هەموو خوێندنگەکان دەبردرێن بۆ کۆمەڵگەکەو خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە..