پاکی دەکەنەوە

یەکشەممەی داهاتوو ئاوی زێی دوکان دەگیرێتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

بە درێژایی چوار کیلۆمەتر، قەراخە ئاوییەکانی زێی دوکان پاکدەکرێنەوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 29.9.2024، بۆ ئەوەی هەڵمەتەکە بە ئەنجام بگات بەنداوی دوکان بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر ئاو لەسەر زێیەکە دەگرێتەوە.

دامەزراوەی ڤیم، پێشنیارێکی گەشتوگوزاری دوکانی بۆ خاوێنکردنەوەی قەراخی ناوچە گەشتیاریی و کەپرەکانی ئاوی زێی دوکان قبوڵکرد، جگە لە رێکخراوەکە و فەرمانگەکانی قەزای دوکان، داواشکراوە خەڵکی خۆبەخش لە رێگەی فۆڕمەوە ناویان تۆمار بکەن و هاوکاریان بن.

لە قەراخ زێی دوکان، 400 هاوڵاتی خاوەن پڕۆژەی گەشتیاری هاوچەرخ و میللین، ناوچەکە گەشتیاری بەردەوامی لە ناوخۆ هەیە، ئەوە جگە لەوەی بە گوێرەی داتای گەشتوگوزاری قەزاکە، لە کاتی بۆنەکاندا 50 تا 90 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو پڕۆژانە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 17.9.2024، رێژین بورهان، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان لەبارەی رێکارەکانی ئیدارەی شارەکە بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە بە 964ی وت، “ناتوانن سزای تاکەکەسی بۆ هیچ هاوڵاتییەک بکەن کاتێک ژینگە پیس دەکات، ئەوەی ئەوان لێی بەرپرسن ناوچە گەشتیارییەکانە کە حاڵەتی سزادانیان هەبووە بۆیان”.

“ئەوەی گرفتی بۆ دروستکردووین، نەبوونی هیچ بڕگە و یاسایەکە تا کۆنتڕۆڵ و پابەندی هاوڵاتی پێ بکەین، سەرەڕای ئەوەی کارمەندمان کەمە، بەڵام بەگشتی هاوڵاتییانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پابەندترن، تا گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە حاڵەتی فڕێدانی پاشماوە ئەگەر سزا هەبوو، دەبێت بە وانەیەک بۆ ئەوانی دیکە”، رێژین بورها وای وت.

ئەوانەی دەیانەوێت رۆژی یەکشەممە هاوکاریان بکەن دەتوانن لەم لینکەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن ( https://forms.gle/6gCxdfgDnc7bQ2bN8 ) بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان ئاماژەی بە رێژەیەکی باشی تۆمار کرد لە کاتژمێرەکانی سەرەتای راگەیاندنی پڕۆژەکە و وتی، “یەکشەممەی داهاتوو بۆ هەڵمەتەکە ئاوی زێی دوکان دەگیرێتەوە، ئەو ناوچانەی کە وشک دەکات شۆفڵ و گەڵابەی بۆ دەبەین و هاوکاری تیمە خۆبەخشەکان رۆڵێکی گرنگی دەبێت”.

گەشتوگوزار داتایەکی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاکی لەلا نەبوو، گەرچی کاری کۆکردنەوەی بەردەوامی تیمە خزمەتگوزارییەکانە، ئاوی زێی بچووک کە دەگیرێتەوە، سەرچاوەی ئاوی سلێمانی، دوکان و چەمچەماڵ و دەوروبەریەتی، “بەڵام کۆی پڕۆسەکە ماوەی پێنج کاتژمێر دەخایەنێت” بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان وای وت.

یەکەم رۆژی جەژن 30 هەزار گەشتیار چوونەتە دوکان

یەکەم رۆژی جەژن 30 هەزار گەشتیار چوونەتە دوکان

رۆژانە شەش سانتیم ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان دادەبەزێت

رۆژانە شەش سانتیم ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان دادەبەزێت

ئاوی سلێمانی هۆشداری دەدات لە زێی دوکان مەلە نەکرێت

ئاوی سلێمانی هۆشداری دەدات لە زێی دوکان مەلە نەکرێت