سبەی چوارشەممە
“سلێمانی لە پشدەرەوە نەوت دابەشکردن دەست پێدەکات”
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرهەمە نەوتییەکانی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە سبەی چوارشەممەوە، وەک یەکەم ناوچە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنووری قایمقامیەتی قەزای پشدەر دەستپێدەکات.
بۆ هەرخێزانێک بری 200 لیتر دابین دەکرێت، بڕەکەی 104 هەزار دینار دەبێت، پێشتر، بریکارەکان داوای پسوڵە کۆنەکەی نەوتیان لە خەڵک کردبوویەوە تا بە پێنج هەزار دینار بۆیان نوێ بکەنەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە بڵاوکراوەیەکدا بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دابەشکردنی نەوت و راگەیاند و وتی، “وەزیری سامانە سروشتییەكان لە فەرمانێکی وەزاریدا، بڕیاریدا نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاوڵاتییان دابەش بکرێت”.
ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتەیە، خواست لەسەر كڕینی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕی ئازاد زیادی كردووە و ئەوەش واى کردووە نرخەکەى بۆ هەر بەرمیلێک 25 هەزار دینار بەرز ببێتەوە.
هێرش خالید، پیشەی نەوت فرۆشییە لە فولكەی مامە ریشەی سلێمانی و قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت، لەئێستادا خواستێكی زۆر لەسەر كڕینی نەوت هەیە و خەڵك بۆ وەرزی زستان دەستی كردووە بە كڕینی نەوت، لەدوو هەفتەی پێشوو هەر كە مووچە گەیشت، دەستیان كرد بەكڕینی و بازاڕ گری گرت.
ئەو پێى وایە، دەنگۆ کاریگەرى زۆرى لەسەر نرخى نەوت هەیە، هەر بوترێت نرخ بەرز بووەتەوە خەڵک دێت دەست بە کڕێنى دەکات، ئەگەر دەنگۆى دابەشکردنى نەوتى سپیش هەبێت کەس بەلایدا نایەت و نرخ دادەبەزێت.
لەبارەی گرانبوونی نرخی نەوتی ماڵان، سەلام عومەر، سەرپەرشتیاری دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە964ـى وت،”هۆكاری گرانبوونی تەنیا ئەوەیە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین و خواست لەسەر كڕینی نەوتی بازرگانی زیادیكردووە”.