سبەینێ دەستپێدەکەن
لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی دەستپێک و دابەشکردنی نەوتی لە ناوخە شاخاوییەکانەوە راگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە یەکەم رۆژی پڕۆسەکە دەبێت.
پێشتر، بریکارەکان داوای پسوڵە کۆنەکەی نەوتیان لە خەڵک کردبوویەوە تا بە پێنج هەزار دینار بۆیان نوێ بکەنەوە.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 11.9.2024، لە بڵاوکراوەیەکدا بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاتووە بۆ دابەشکردنی نەوت و دەڵێت، “وەزیری سامانە سروشتییەكان لە فەرمانێکی وەزاریدا، بڕیاریدا نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاوڵاتییان دابەش بکرێت”.
دابینکردنی 200 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێک بە نرخی 100 هەزار دینارە و سەرەتا لە رۆژی 12.9.2024، لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنەکە دەکرێت، هەروەها چوار هەزار دینار وەک کرێی گواستنەوە وەردەگیرێت، کە کۆی هەر بەرمیلێک نەوت تێچووەکەی 104 هەزار دینار دەبێت.
وەزارەتەکە ئاشکرایی دەکات، “پاراستنی کوالێتی نەوتەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی چاودێریی کوالێتی دەبێت”، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبکات، ئەو بڕە نەوتەی دابینکراوە بەرهەمهاتووی ناوخۆیە یان لە حکومەتی عێراقییەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
لە بازاڕی ئازاد ئێستا بڕی 200 لیتر نەوت لەنێوان 135 هەزار دینار بۆ 140 هەزار دینارە، دابەشکردنی نەوت پڕۆسەیەکی بەردەوام بێت کاریگەری لەسەر نرخی بازاڕی ئازادیش دەکات.