بەهۆی دوکەڵەکەی هەمووان لێی رادەکەن
شۆفێرانی دووتەنی بەهۆکاری پیسبوونی ژینگە تۆمەتبار دەکرێن
964+
دیلان محەمەد جەزا
رۆژانە ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە جۆری “دووتەنی”، ملی رێگە دەگرن و دوکەڵی رەش و سپی و گاز دەخەنە ژینگەی دەوروبەریانەوە، لە ڤیتییەکەدا دیمەنی یەکێک لە شەقامەکانی سلێمانی نیشان دراوە ئۆتۆمبێل بە راس و چەپیدا دوکەڵ دەکات، لە راستیدا ئەو بە تەنیا نییە، رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێلی هاوشێوە لە شەقامەکاندا بە دوکەڵەوە دێن و دەچن.
ئەوەی زیاتر چاوی لەسەرە، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرن لە جۆری “دووتەنی”، بۆ پرسینەوە لە هۆکاری دوکەڵی بێ شووماری ئەو جۆرە بارهەڵگرانە، پەیامنێری 964 سەردانی ناوچەی پیشەسازی سلێمانی کرد و قسەی لەگەڵ ژمارەیەک پیشەوەر کرد.
دەرکەوت، یەکێکە لە هۆکارە بەرچاوەکان بۆ فێڵی شۆفێرەکان دەگەرێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو پەمپەی کە سووتەمەنیی بۆ بزوێنەری ئۆتۆمبێل دەنێرێ خێراییەکی دیارکراوی هەیە، بەشێک لە شۆفێران بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئۆتۆمبێلەکانیان دەچن پەمپەکە گەورەتر دەکەن، بەهۆیەوە بزوێنەرەکە تەواوی سووتەمەنییە وەرناگرێ و ناسوتێ لەبری ئەوە وەک دوکەڵ و گاز دەچێتە ژینگەوە.
مەریوان کەمال، 13 ساڵە شۆفێری ئۆتۆمبێلی دووتەنییە ئەو بۆ 964 قسەی کرد و روون و راشکاو بەشێک لە هۆکاری دوکەڵکردنی ئۆتۆمبێلەکانی خستە ئەستۆی شۆفێران خۆیان، ئەوە لە حاڵێکدا، هاتوچۆش بەدەر نییە لەم بابەتە، مەفرەزەی بەردەوامی هەیە و رۆژانەش سەرقاڵی پسوڵەی ئاگادارکردنەوەیە بۆیان تا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی جیاواز لەوەی دەستکاریکردنی پەمپی سووتەمەنی بە سەرپێچی ناوزەند کرد، بە 964ی وت، “کوالێتی سووتەمەنی هۆکارێکی دیکەیە بۆ دوکەڵکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە، لە دۆخێکدا لە بری ئەوەی هەمووان هەوڵی پاراستنی ژینگە بدەین، بەڵام ژمارەیەک شۆفێر هەن ژینگە پیس دەکەن، ئەوەش بێ رێکار تێناپەڕێت”.
بەهۆی بوونی دوکەڵی بەشێک لە کارگە و ئامێری پیشەسازی و ئۆتۆمبێلەکان، لە ئاسمانی شار چینێكی تەماوی پڕ لە گاز و دوکەڵ دەبینرێ، کە زۆرجار جێی سەرنجی ناوەندە ژینگەیی و تەندروستییەکان، ساڵح نەجیب پسپۆڕی ژینگە بە 964ی وت، “ئەو ئۆتۆمبێلانە پێویستە فلتەریان هەبێت، یان رێگە نەدرێن لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کاربکەن”.
دایۆکسین ناوی ئەو دوکەڵەیە کە لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبیلەوە دەردەچێ، پیسکەرێکی کیمیاوییە کە سووتانی سوتەمەنی دروستی دەکات، ئەم ماددەیە رێژەیەکی ترسناکی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ و ژینگە و یەکێکە لە ماددە سەرەتانییەکان، بۆیە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، وەک یەکێک لە رێکارەکان پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە میکانیکەوە بۆ کارەبایی دەبەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا