مارکێتێک لەسەر فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە منداڵێکی 11 ساڵ داخرا

بەهۆی منداڵێکەوە داخرا

ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

 میدیازان – سلێمانی – دیلان محەمەد

منداڵەکە جگەرەی کڕی و باوکەکەی سکاڵای کردو قایمقامیەت پێیان داخست.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی مارکێتێکیان لە شاری سلێمانی داخست بەھۆی ئەوەی جگەرەی ئەلکترۆنی فرۆشتبوو بە منداڵێکی 11 ساڵ.

بەپێی زانیارییەکانی میدیازان، باوکی منداڵەکە سکاڵای لە دژی مارکێتەکە تۆمارکردووە و لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاگادار کردووەتەوە کە مارکێتێک لەسەر شەقامی 30 مەتری جگەرەی ئەلیکترۆنی بە منداڵە 11 ساڵانەکەی فرۆشتووە.

دکتۆر باوان عەبدولڕەحمان، نوێنەری تەندروستی لە لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، لەسەر سکاڵای ھاوڵاتییەک، کە باوکی منداڵەکەیە، سەردانی مارکێتەکەیان کردووە و دەرکەوتووە کە منداڵێکی خوار ١٨ ساڵ ھاتۆتە ناو مارکێتەکەوە و جگەرەی ئەلکترۆنی پێفرۆشراوە.

وتیشی، جگەرەی ئەلیکترۆنی، کە بە ڤایپ ناسراوە، یەکێکە لەو بابەتانەی کە رێگەپێدراو نییە بفرۆشرێت بە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ.

باسی لەوەشکرد، لەسەر بڕیاری قایمقامی سلێمانی مارکێتەکە داخراوە و پسوڵەی ئامادەبوون بۆ خاوەنەکەی کراوە و رووبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، مارکێتەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ دادەخرێت و سزای دیکەشی بۆ دادەنرێت، “ئەوەیان قایمقامیەت بڕیاری لەسەر دەدات.”