هاوڵاتیان سەلامەتن
باخێک لە گوندی گەڵاڵە بۆردومان کرا
+964
دیلان محەمەد جەزا
کەمێک لەمەوبەر سنووری گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت بۆردومان کرا، بۆردومانەکە نزیک رێگای گشتی بووە.
عەلی ساڵح ئەنجومەنی گوندی گەڵاڵە بە 964 وت، کەمێک پێش ئێستا بۆردومانی باخێک کراوە لە شێخانی سنووری گوندی گەڵاڵە و نزیک شەقامی گشتییە .
باسی لەوەش کرد، یەک جار بۆردومان کراوە لە کاتژمێر 3:10 و خەڵکی گوند و دەوروبەری سەلامەتن و زیانی گیانی نەبووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمجارە بۆردومانەکە بۆ شاخەکانی دەوروبەریان نەبووە و لە نزیک شوێنی دانیشتووان بووە.
کامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بە 964ـی وت، بۆردومانەکە لەلایەن فرۆکەی جەنگیەوە بووە و لە شێخانی پشتی گەڵاڵەی داوە و رەبایەیەکی کۆنی حکومەتی بەعسە ئەو جێگەیە و کەسی لێ نەبووە و نازانرێت بۆچی لەو جێگا چۆڵە دراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا