“پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس بۆیان نییە بچنە دەروازەی پەروێزخان”

964+

توانا نەقی

دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان رێگە نادات پەرلەمانتاری عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و رۆژنامەنووسان بەبێ پرس و وەرگرتنی مۆڵەت سەردانی دەروازەکە بکەن تەنیا بۆ سەفەر نەبێت.

عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی سنووری پەروێزخان بە تۆڕيی964ی راگەیاند، بڕیارەکە لە مانگی ئازاری ساڵی پارەوە دەرکراوە و دەبێت ئەو کەسانە بە هەماهەنگی و ئاگادارکرنەوە بێنە دەروازەکەوە.

وتیشی “ناکرێت هەر پەرلەمانتارێک یان ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا و رۆژنامەنووسێک بیانەوێت بێن و وێنە و ڤیدیۆ بگرن، دەبێت پێشتر ئاگادارمان بکەنە و ئەو بابەتە روونبکەنەوە کە دەیانەوێت بەدواداچوونی بۆ بکەن”.

“هەرکەسێک لەو کەسانە پەرلەمانتار یان رۆژنامەنووس بێت دەبێت نەیەنە حەرەمی دەروازەکەوە تا ئاگادارمان نەکاتەوە بۆچی دێت، تەنیا مەگەر بیەوێت لە دەروازەکەوە سەفەر بکات، ئەگینا ناهێڵین بە کەیفی خۆیان بێن”عەباس ئیسماعیل، وادەڵێت.

دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، یەکێکە لەو دەروازانەی کە جموجۆڵێکی زۆری بازرگانی و گەشتیاری لە خۆدەگرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.