"لەترسی لافاو هەڵمەتی چڕیان دەستپێکردووە"
خورماتوو بۆ وەرزی باران بارین ئامادەکاری دەکات
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەئێستاوە شارەوانی خورماتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ، هەڵمەتی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و زێرابەکانی قەزاکەیان دەستپێکردووە.
مەرعی رەشید بەیاتی، بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو بە964ـی وت، “ئامانج لەو هەڵمەتە پێشگیرییە لە دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو، لە ناو کۆڵان و شەقامەکانی قەزاکە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی بارانبارین و گۆڕانی کەشوهەوا ئامادەکارییەکانیان چڕتر دەکەینەوە.
وتیشی، هەڵمەتەکە بۆ ماوەی مانگێک لە تەواوی سنوری قەزاکە بەردەوام دەبێت داواش لە هاوڵاتییان دەکات، پاشماوە فڕێنەدەنە ناو زێرابەکان و هاوکاری شارەوانی و تیمەکانی پاککردنەوەی ناو شار بکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی پاییز و زستان تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.
ساڵانە هەر لەگەڵ یەکەم دابارینی باراندا، لافاو لەناو سەنتەری خورماتوو و زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی ئەو قەزایە دروست دەبێت، شارەوانی قەزاکەش دەیەوێت لەم ساڵەوە، چیتر دیاردەی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبونی لافاو لەنێو گەڕەک و شەقامە گشتیەکانی قەزاکە دووبارە نەبێتەوە و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر