هەژارەکانی چەمچەماڵ دەرووی خێریان لێ کراوەتەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

لە چەمچەماڵ هەڵمەتێکی بەخشینی جلوبەرگ و پێداویستی ناوماڵ دەستی پێکرد، لە یەکەم رۆژیشدا هەزاران پارچە جلوبەرگ و کەلوپەلیان کۆکردۆتەوە.

هەڵمەتەکە لەلایەن ئارام ریشە کە کەسێکی خێرخوازی شارەکەیە راگەیەنرا، دوکاندار و هاوڵاتیان و خێرخوازانی شارەکەش بە دەمیەوە چوون..

ئارامە ریشە بە تۆڕی964ـی وت: لە یەکەم رۆژدا شەش هەزار پارجە جلوبەرگمان بە دەست گەیشتووە، هەر ئەمڕۆش چوار هەزار پارچە جلوبەرگ بەخشراون.

هەڵمەتەکە لەناو باخێکی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ بەڕێوە دەچێت.

ئارامە ریشە دەشڵێت، دوو هەزار پارچە جلوبەرگ ماون و سبەی یەکشەممە لە دابەشکردنی بەسەر خەڵکانی کەمدەرامەت و هەژار بەردەوام دەبێت.

زیاتر وتی “جگە لە جلوبەرگ، فەرش و تەباخ و هەندێ پێداویستیی تری ناوماڵیش دەگرێتەوە”.

چەمچەماڵ، شارۆچکەیەکە دەکەوێتە سنووری ئیداریی پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 50هەزار کەسە.