لە بەیانییەوە جێبەجێ دەکرێت

مەرزی کێلێ کاتەکانی هاتوچۆ کردنی هاوڵاتییانی درێژ کردەوە

ژێوار خدر

لە رۆژی شەممەوە تا کاتژمیر 4:00ـی ئێوارە، هاتوچۆ کردن لە مەرزی کێلێ بۆ هاوڵاتییان درێژ دەکرێتەوە.

شۆڕش حسێن، بەرپرسی بارهەڵگرەکانی مەرزی کێلێ بە 964ـی وت، پێشتر کاتەکانی هاتوچۆ کردن لە 8:00ـی بەیانییەوە بۆ 2:00ـی نیوەڕۆ بوو، بەڵام ئێستا کاتەکە دوو کاتژمێری بۆ زیاد کراوە و ئیتر لە بەیانی شەممە 14.9.2024ەوە تا کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە هاوڵاتییان دەتوانن هاتوچۆ بکەن.

وتیشی، ئێستا بەهۆی ئەوەی مەرزەکە تازەیە کاتژمێرەکانی هاتوچۆ کردن بەم شێوەیەیە، لە داهاتوو پێشبینی دەکرێت زیاتریش بکرێت و ببێت بە 24 کاتژمێری.

”هاتوچۆ کردن بۆ بارهەڵگرەکان لە مەرزی کێلێ 24 کاتژمێرییە، تەنیا بۆ هاوڵاتییان کات دیاری کراوە.” شۆڕش حسێن وای وت.

مەرزی کێلی دەکەوێتە باکوری رۆژھەڵاتی قەزای پشدەر لە دەڤەری راپەڕینی ھەرێمی کوردستان و سنووری شاری سەردەشت لە رۆژاوای ئێران، كێكە لە دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و رۆژانە نزیكەی 200 بارهەڵگر خۆراك، كەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی لەوێوە هاوردەی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكرێن.