كه‌سایه‌تى و رۆشنبیران له‌ هه‌ندێك ره‌فتارى حزبه‌كان توڕه‌ن

داوا ده‌كرێت بانگه‌شه‌یه‌كی شارستانیانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تى و رۆشنبیرانى هه‌رێمی كوردستان، توڕه‌ن له‌هه‌ندێك ره‌فتارى حزبه‌كان كه‌ به‌ر له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌نجامیان داوه‌.

ره‌فتاره‌كان له‌ ململانێی حزبی خۆى ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وانیش داواده‌كه‌ن ئه‌م ره‌فتارانه‌یان له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ره‌نگ نه‌داته‌وه‌.

هیوا سه‌ید سه‌لیم، سه‌رپه‌رشتیارێكى ئه‌و یاداشتانه‌مه‌یه‌ى كه‌ كه‌سایه‌تى و رۆشنبیران بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، به‌ 964ـى وت، ده‌یانه‌وێت حزب و لایه‌نه‌كان له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن خۆیان به‌دوور بگرن له‌هه‌ندێك ره‌فتارى رق و كینه‌، بۆئه‌وه‌ى بتواندرێت هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست به‌ڕێوه‌بچێت.

وتیشی “داواى بانگەشەیەکی شارستانیانە ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ھەرێمی کوردستان لە ھەڕەشەیەکی جدی بپارێزێت”.

یاداشته‌كه‌، ئاڕاسته‌ى رای گشتیی کوردستان كراوه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، چەند رۆژێکی دیکە پڕۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات، دەرکیان بە مەترسی لێکەوتەکانی بانگەشەی توند و گەڕانەوە بۆ سەردەمی ناکۆکییە حزبیەکان و ھەڵدانەوەی قەتماغەی کۆنەبرین كردووه‌.

مەترسییە دەرەکی و ئیقلییمیەکانی سەر ھەرێمی کوردستانیش، مه‌ترسی دیكه‌ن بۆ سه‌ر ھەرێمی کوردستان.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌و كه‌شه‌ى ئێستا ده‌یبینن هیچ گره‌نتییه‌ك پیشان نادات كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مان پڕۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆیه‌ داواكارییه‌كانیان له‌م چه‌ند خاڵه‌ى خواره‌وه‌ كورت كردووه‌ته‌وه‌:

– بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوازێکی شارستانیانە و ھێمن و لە کەشێکی دیموکراسیانەی ئارام، بەڕێوەبچێت.

–  ھەموو لایەک بەڵێن بدات کە پابەندی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەبێت.

– رەخساندنی ھەلی یەکسان و ئازاد بۆ سەرجەم قەوارە و لایەنەکان و کاندیدە سەربەخۆکان.

– دوورکەوتنە لە سیاسەتی فشار و چاوسوورکردنەوە لە دەنگدەران بە مەبەستی ناچارکردنیان بە دەنگدان بە لایەنێکی دیاریکراو.

– بەردەوامبوونی  شەڕی راگەیاندنی چەند رۆژەی نێوان پارتی و یەکێتی مەترسیدارە، دەبێت کۆتایی پێبێت.

"بەهیچ شێوەیەک ناتوانن مۆنۆمێنتى هەڵەبجە بۆ بانگەشە بەکاربهێنن"