یەكێك لە چەكدارەكان لە ئەمریكاوە هاتووەتەوە
964 وردەكاری هێرشەكەی ئەمڕۆی گوندی سێكانیان بڵاودەكاتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە 964ی وت، ئەو گرووپەی ئەمڕۆ لە گوندی سێكانیان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بوونەوە یەكێكیان كوژرا و یەكی دیكەیان دەستگیركرا، بە نیازی ئەنجامدانی كردەوەیەكی گەورەی تیرۆریستی بوون.
سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنی سێشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمیرێکی چەکدارانی داعشیان دەستگیر کرد، زانیاری تەواوی لەسەر ئەو گرووپە داوە کە لە گوندی سێکانیانی شاری کەرکوکن.
وتیشی، لە کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە چواردەوری گوندە گەمارۆ دراوە و دوای رووبەڕووبوونەوە لە ناو خانوویەکی گوندی سێکانیان تواندرا کەسێک دەستگیر بکرێت و یەکێکیش لە چەکدارەکان، كە تەمەنی نزیکەی 18ساڵ دەبێت، دوای ئەوەی بەرگری کردووە لە کۆتایدا بێ ئومید بووە، خۆی كوشتووە.
سەرچاوەکە زانیارییەكی سەرنجڕاكێشی بۆ 964 ئاشكرا كرد و وتی، “ئەو کەسەی دەستگیرکراوە سێ رۆژ بەر لە ئێستا لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ کەرکوک و خزم و کەسی ئەو چەکدارەیەی دیكەیە، کە خۆی کوشت”.
ئاشكراشی كرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیاندایە، گرووپەكە لە پێنج كەس پێكهاتوون و “بەنیاز بوون گەورەترین کردەوەی تیرۆریستی لە كەركوك ئەنجام بدەن”.
پەیامنێری 964 لە گوندی سێكانیان بوو، وێنە و ڤیدیۆی شوێنی رووبەڕووبوونەوەكەی گرت، ئەوەی بووە جێی سەرنجیش بۆ رۆژنامەنووسان و ئەو خەڵكەی لەوێبوون، دایک و باوکی و کەسوکاری ئەو چەکدارەی خۆی کوشت تووشی سەرسوڕمان ببوون لە رووداوەکە، بەڵام هیچ کەسێکیان گریان و شیوەنیان نەدەكرد و تەنیا خەمبارییان پێوەدیار بوو.
گوندی سێکانیان دەکەوێتە سەر رێگای نێوان کەرکوک بۆ هەولێر و نزیک چێشتخانەی سلێمانیی کۆن، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کریستیان و کورد پێکهاتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا