لە چوار رۆژەوە بۆ شەش رۆژ
رۆژانی هەڵگرتنەوەی خۆڵی ماڵان لە پێنجوێن زیاد کرا
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
هاوڵاتیانی گەڕەکی قەسابخانە لە قەزای پێنجوێن، گلەییان لەوە هەبووە لە نزیک ماڵەکانیان خۆڵ و خاشاک فڕێ دەدرێت و دواتر دەسووتێندرێت و هەموو دووکەڵ و بۆنە ناخۆشەکەی دەچێتەوە بەسەری ئەواندا.
لەبەرئەوە ئیتر لە پێنجوێن تەنیا یەک رۆژ لە هەفتەدا زبڵ و خۆڵی ماڵان کۆناکرێتەوە، پێشتر لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ کۆمپانیای پاککەرەوە زبلەکانی کۆدەکردەوە، بەڵام ئێستا شەش رۆژی هەفتە خەریکی کۆکردنەوەی دەبن، ئەوەش لەبەرئەوەی رێگری بکەن لە کۆبوونەوەی زۆری زبڵ لە گەڕەک و کەلاوەکان.
سەرتیپ جەمال، بەڕێوەبەری کاروباری کۆمپانیای پاککەرەوە لە پێنجوێن بە 964ـی وت، بۆ هەڵگرتنەوەی خۆڵی ماڵان پێنجوێن دابەشکراوە بەسەر دوو زۆندا و پێشتریش لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ تەرخان کرابوو بۆ هەڵگرتنەوەی خۆڵی ماڵان.
وتیشی، ئێستا کردوویانە بە شەش رۆژ و سێ رۆژیان بۆ گەڕەکەکانی کانی گۆیژ تا حەسەن ئاوا دەبێت لە رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و رۆژانی یەکشەممە، سێ شەممە و پێنجشەممەش گەڕەکەکانی مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق تا مزگەوتی گەیلانی پاک دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیان لەو کارە ئەوەیە کە خەڵکی خۆڵ و خاشاک فڕێنەدەنە سەرجادە و کەلاوەکان، چونکە ئێستا لە بەشێک لە گەڕەکەکان گلەیی لەوە دەکەن هاوڵاتیان خۆڵەکانیان لەوێ فڕێدەدەن و ئەوەش کارەکەیان بۆ زەحمەت دەکات.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر