وتەبێژ: موڵکی گشتی قۆرخکراوە
فسفۆڕی مرورتان لەخۆوە دانابێ سبەی دێن بۆ گیانتان
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو مۆتە و فسفۆڕەی هاتوچۆ بۆ رووداو و مەفرەزەکانی خۆیانی دادەنێ، وا دەردەکەوێ خواپێداوان و خاوەنکاران فکرەکەیان لێ گۆڕی بن، ئەوەتا هاتوچۆ و شارەوانیی سلێمانی سبەی هەڵمەتیان هەیە، تا ئەو مۆتە و فسفۆڕە قوچەکانەی لە بەردەم باڵەخانەکان لەخۆوە دانراون، هەڵیان بگرنەوە.
بەمشەوە هاتوچۆی سلێمانی پۆستێکی لە فەیسبووکەکەی کردووە، وا دەردەکەوێ نیازی بەرانبەر ئەو باڵەخانە بازرگانییانە باش نەبێ، کە لە خۆوە چوون مۆتە و فسفۆڕی قوچەکییان داناوە، نایەڵن لەخۆیان زیاتر کەس سەیارە لە بەردەمیان بوەستێنێ.
لە بڵاوکراوەکە پێش وەخت، هاتوچۆ مشتخۆشی خۆی لە سەرجەم فرۆشگا، مارکێت، دەرمانخانەکان راگەیاندووە و ئاگاداریان دەکاتەوە، کە فسفۆری قوچەکی یان هەر هێمایەکی دیکەیان لە شەقامەکانی بەردەمیان داناوە، نابێ بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی بەکاربهێنرێ و دەڵێت، “ئەوە موڵکی گشتییە”.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەمشەو 9.9.2024،، بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، “لەلای هاتوچۆ شەقامەکان موڵکی گشتییە و هەموو کەس مافی هەیە وەک یەک بەکاریانبهێنێ، لەو گۆشەیەوە هەموو ئەو سەرپێچییانەی لە بەردەم ناوچە بازرگانییەکان لادەبرێن بۆ ئەوەی بەیەکسانی سوودی لێ ببینرێ”.
وتەبێژەکەی سلێمانی باسی لەوەکرد، لەناو شاری سلێمانی ئەو حاڵەتانەیان زۆر بووە هۆکارە بۆ دروستبوونی لۆد، وتیشی، “سبەی وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی و شارەوانیی سلێمانی/ بەشی زیادەڕەوی لێپێچینەوە لەو لایەنانە دەکرێ و پابەند دەکرێن، کە شەقام بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن”.
فسفۆڕی قوچەکی و ئەوەی لای خەڵکیش زۆرجار بە مۆتەکەی مرور ناودەهێنرێ، زۆرجار لە کاتی دانانی مەفرەزەی هاتوچۆ و دروستبوونی رووداوی نەخوازراو و ئاگادارکردنەوەی شۆفێران لە کارکردن تیمی خزمەتگوزاری دادەنرێ، بەڵام بە گوێرەی نیەتەکەی هاتوچۆ بێت، وا دەردەکەوێ خەڵکی خواپێداو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بیرۆکەکەیان گواستبێتەوە.