کرێکارە نیپاڵیەکان لە سلێمانی جەژنیان کرد

964+
دیلان محەمەد

جەژنی لوسەری تایبەت بە نیپاڵیەکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو لە لایەن کرێکارەکانی ئەو وڵاتە، یەکێک لەوان بە تۆڕی 964ی وت، ماوەی چوار ساڵە لە سلێمانی دەژی و کاتی خۆی کە هاتووە، منداڵێکی لە سەروەختی لەدایکبوون بووە، بەڵام هێشتا نەیبینیوە.

بینۆزە سپێستە کرێکارێکی نیپاڵیە و باسی ئەو قورسیانەی ژیانی بۆ کردین کە توشی ھاتووە لە ھاتنی بۆ سلێمانی و وتی، سەرەتا کە ھاتووەتە کوردستان ئیشی نەبووە و زمانی کوردی نەزانیوە، لەبەرئەوەی شوێنی مانەوەی نەبووە چوەتە باخی گشتی ماوەتەوە بۆ ماوەی یەک ھەفتە، بەبێ پارە ژیاوە.

لەم رۆژەدا نزیکەی 200 کرێکاری نیپاڵی بەشداری جەژنی لۆسەریان کردووە و بە لەبەرکردنی جل و بەرگی کلتوری نیپاڵی بە کوڕ و بە کچیانەوە خۆیان رازاندووەتەوە.

سانو شێربەت کچە کرێکارێکی نیپاڵیە و 10 ساڵە لە سلێمانی دەژی لەگەڵ هاوسەرەکەی، بەڵام منداڵە 13 ساڵەکەی لە وڵاتەکەی خۆی بەجێهێشتووە.

لە جەژنەکەدا خواردنی نیپاڵی ئامادەکرابوو بۆ میوانەکان بە تام و چێژی نیپاڵ بۆ ئەوەی ساتێک بگەڕێنەوە ناو کەلتور و رەسەنایەتی خۆیان.

ریسما تامەن کچە کرێکارێکی نیپاڵیە بە پێچەوانەی هاوڕێکانی سودێکی زۆری لە ژیانکردن بینیوە لە شاری سلێمانی و دەڵێت، دڵی خۆشە، هەروەها باسی خواردنە کوردەوارییەکانیش دەکات.

سەرجەم میوانەکان نوێژی تایبەت بە خۆیان کرد و وەک پیرۆزی رۆژەکە پارەیان دانا لەسەر ئەو جێگایەی تایبەت بوو بە نزاکردن.

سۆمی تاما کچە کرێکارێکی نیپاڵیە و لە ھەولێرەوە ھاتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی جەژنەکەیان پیرۆز بکات.

لە لایەکی دیکە، حەمە ھەژار مەحمود، سەرۆکی رێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانی بە تۆڕی 964ی وت، ئەوانیش دەیانەوێت هۆکار بن بۆ دڵخۆشی کرێکارەکان.