ئەنجومەنی پشتیوانی لە بەغدان

لۆبی هەیە و را جیاوازەکان بۆ بەپارێزگا ناساندنی هەڵەبجە کەمبوونەتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجە خۆیان گەیاندە لای سەرۆک کۆماری عێراق، بڕیارە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش کۆببنەوە، پەرلەمانتارێک بە 964ی وت، “جێگەی دڵخۆشییە را جیاوازەکان روو لە کەمبوونەوەن بۆ هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە”.

ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجە، پیاوانی ئاینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی شارەکەن، کار بۆ دامەزراندنی هەیکەلی کارگێڕی و ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا دەکەن، ئەمڕۆ دووشەممە لە نۆبەرەی کارەکانیاندا، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراقیان بینی.

چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خۆشی گەڕاوەتەوە بەغدا و هاوشانی شاندەکە بەشدارە لەگەڵیان، بە 964ی وت، “گفتوگۆمان لەگەڵ زۆرینەی ئەو لایەنە نارازییانە کردووە، کە لە ئالیەتی بوون بە پارێزگایان لا جێگەی سەرنجە، یان داوای بەپارێزگابوونی ناوچەی دیکەیان بە مەرجی بەپارێزگای ناساندنی هەڵەبجە کردووە، ئێستا را جیاوازەکان روو لە کەمبوونەوەن و تایبەتمەندی بە هەڵەبجە دراوە”.

پەرلەمانتارە کوردەکان کار بۆ ئەوە دەکەن، هەرچیان کردووە لەم خولەدا، پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێ، ئەوکاتەی چرۆ حەمەشەریف قسەی بۆ 964 کرد، بەڕێگەوەبوون تا شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ببینن، ئەو وتی، “لە لۆبیکردنی بەردەوامداین، ئەگەر سەرکەوتووبین لە کۆکردنەوەی رایەکان و یەکدەنگی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان، خستنە بەرنامەی کار و دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە، هەنگاوێکی ئاسان دەبێت”.

بڕیار بوو رۆژی 30.9.2023 لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام جارێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دواخرا، كه‌ بۆ جاری چوارەم بوو دەنگدان له‌سه‌ر یاساكه‌ دوابخات.

پێشتر 964 بەدواداچوونی كرد و ده‌ركه‌وت، به‌شێک لە لایەنە سوونییەکان له‌ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ناڕازین و لایەنە شیعییەکان کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە، تا ئێستا دوو جار خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە کراوە، بەشێک لە پەرلەمانتارە عێراقییەکانیش پرسی بەپارێزگابوونی چەند قەزایەکی دیکە تێکەڵ بە بابەتەکە بکەن.

رۆژی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد، دواتر لە رۆژی 4.5.2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد.

هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ “هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید”ی پێده‌وترێت، له‌ رۆژی 13.3.2014 لەلایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بە فەرمیی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەلای حکومەتی عێراق هەر قەزاکەی جارانە.

ھەڵەبجە بە دووری 75 کیلۆمەتر کەوتووەتە خوارووی رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، له‌ ساڵی 1988 حكومه‌تی به‌عس به‌ چه‌كی كیمیایی هێرشی كرده‌سه‌ر و له‌ ئه‌نجامدا پێنج هه‌زار كه‌س شه‌هید بوون و زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون، كه‌ تا ئێستاش كاریگه‌ریی ئه‌و چه‌كه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ماوه‌تەوە.

دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا

دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا