"پێویستی بە بودجەیە"

لە دهۆک بینایەک بۆ بیرکۆڵەکان دەستنیشان کرا

+964
هیڤی دێوالی-دهۆک

لە پارێزگای دهۆک هیچ بینایەک نییە بۆ بیرکوڵەکان و بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن، بینایەکی کۆنیان دەستنیشان کردووە، بەڵام بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکە پێویستیان بە بودجەیە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک سێ هەزار و 292 کەس بیرکۆڵن کە هەزار و 904 کەسیان لە رەگەزی نێر و هەزار و 383 کەسیشیان لە رەگەزی مێن.
بەپێی چەند گرتەڤیدیۆیەک کە دەست 964 کەوتووە، چەند بیرکوڵێک لە بازاڕی دهۆک و دەورووبەری زیانیان بە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی فرۆشگاکان و کاسبکاران گەیاندووە.
لە دهۆک شوێنێکی تایبەت نییە بۆ راگرتن و چارەسەرکردنی بیرکۆڵەکان، لە رابردووشدا بەشێکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی پارێزگای هەولێر کراون و دواتر گەڕێندراونەتەوە.
ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بە 964ـی وت، “پلانمان هەیە بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی نووسراوێک ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بکەین سەبارەت بەوەی بینایەکی تایبەتمان بۆ بیرکۆڵان تەرخان کردووە، بەڵام بیناکە کۆنە و دەبێت نۆژەن بکرێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستمان بە بودجەیە”.
هاوکات شێرزاد حەمید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کومەڵایەتی دهۆک بە 964ـی وت، “تا ئێستا لە پارێزگای دهۆک شوێنێک نییە بۆ بیرکۆڵان، بەڵام ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان دەکەین”.
“لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە پەیوەستە بە تەندروستییەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی دهۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەر هێلین شوێنێکیان بۆ دابین بکەین”، شیرزاد حەمید وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو هەزار و 144 کەس لە بیرکۆڵەکانی دهۆک مووچەخۆرن و مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

رێگە نادرێت شوێنە گشتییەکانی دهۆک پڕوپاگەندەی هەڵبژار...

رێگە نادرێت شوێنە گشتییەکانی دهۆک پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی تێدا بکرێت