قەزای چۆمان
دوو کەس کەوتنە ناو تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی
+964
ئاکام غەفور- سۆران
لە نزیکی قەزای چۆمان دوو کەس کەوتنە ناو تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی، ئەوان لە ژیاندا ماون، بەڵام تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
رووداوەکە ئەمشەو “یەکشەمە 8.9.2024” بووە، بە جۆرێك بووە شۆفێری بارهەڵگرەکە کەوتووەتە ناو تانکییەکی گواستنەوەی گاز و کەسێکی دیكەش، کە بەهانایەوە چووە، ئەویش کەوتووەتە ناو تانکییەکەوە.
دکتۆر ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بە 964ـی وت، “لەگەڵ هاتنی هەواڵەکە ئەمبولانس و تیمێک لە نەخۆشخانەکەمان دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەکە، ئەو دوو کەسەیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی چۆمان و لێرە چارەسەریان بۆ دەکرێت”.
وتیشی، شۆفێری بارهەڵگرەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی شاری مەهابادە، ئەو کەسەی چووە بە هانای شۆفێرەکەش خەڵکی شاری شەقلاوەیە، بەهۆی رووداوەکەوە تەنگەنەفەس بوون، ئێستاش لە نەخۆشخانەی چۆمانن.
رێگای هامڵتۆن بە قەزای چۆمان تێدەپەڕێت، کە رێگایەکی بازرگانییە و رۆژانە بە سەدان بارهەڵگر بەو رێگایەدا دەچنە ئێران و دێنە هەرێمی کوردستان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا