"وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە"
تا کۆتایی ئەمساڵ رێگای کەلار – دەربەندیخان تەواو دەبێت
964+
شۆڕش قادری
وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم دەڵێت، 85٪ی کارەکانی دروستکردنی رێگای دووسایدی کەلار-دەربەندیخان تەواوبووە و کۆتایی ئەمساڵ دەچێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە.
مەریوان مەلا حەسەن وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم بە 964ـی وت، “لەئێستادا بەشێوەیەکی باش کارکردن لە پڕۆژەی رێگای دووسایدی کەلار-دەربەندیخان بەردەوامە و رێژەی ئەنجامدراو 85٪ـی تێپەڕاندووە”.
“هەموو هەوڵێکیمان بۆ ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو بکەین و ئەگەر کارکردن بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و بودجەی پێویست دابین بکرێت، کۆتایی ئەمساڵ رێگاکە دەخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە”، مەریوان مەلا حەسەن وای وت.
پڕۆژەکە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە، بەتەواوبونی، رێگای کاتژمێرێک و 25 خولەکی نێوان ئەو دو شارە، دەبێتە 40 خولەک و لەئێستاشدا بەشێک لە قۆناغە تەواو بوەکانی رێگاکە خراوەتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.
لەنێو پڕۆژەکەدا 35 پردی تێدایە کە درێژییەکەیان بە چون و هاتن دەگاتە پێنج کیلۆمەترو زۆرینەیان تەواو کراون، ھاوکات پردی ئاوە خێری کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو پڕۆژەکەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم وتیشی، “پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای ناوتاق یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان لە پارێزگای سلێمانی و دەبێتە رێگای جێگرەوە و کەمکردنەوەی لۆد لەسەر رێگای تونێلی دەربەندیخان و کەمبونەوەی روداوەکانی هاتوچۆ”.
“گرفتی سەرەکی پڕۆژەکە دابین نەکردنی پارەی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی، هەرچەندە تائێستا کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە، بەڵام پێویستە حکومەت هەمو هەوڵێک بدات بۆ دابینکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی، چونکە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە رووداوەکانی هاتوچۆ کەمدەبێتەوە”، مەریوان مەلا حەسەن ئەوەشی وت.