باسی چی دەكرێت؟
سبەی ئەنجومەنەكانی ئابووریی كوردستان و عێراق لە هەولێر كۆدەبنەوە
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
سبەی هەردوو ئەنجومەنی ئابووریی كوردستان و عێراق لە هەولێر كۆدەبنەوە، وەزارەتی دارایی عێراقیش بەرنامەی كۆبوونەوەكانی ئاشكرا كرد.
ئەمڕۆ ئێوارە شاندێكی باڵای ئەنجومەنی ئابووریی عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتنە هەولێر، كە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق و سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراقیش لە ناو شاندەكەدان.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو بەرنامە و خاڵەكانی كۆبوونەوەكەی سبەی بڵاوكردەوە، كە بڕیارە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكە بكات.
بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، بەرنامەی كۆبوونەوەكە بەم جۆرەیە:
مافە دەستوورییەكان: ئەو مافە دەستوورییانەی لە دەستووری عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراون، تاوتوێ دەکرێن.
* شایستە داراییەکان: شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو میکانیزمانەی لەسەری رێککەوتوون، تاوتوێ دەکرێن.
* کێشە هەڵپەسێردراوەکان: سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.
ئامانجەکانی سەردانەکە:
*بەهێزکردنی هاریکاری: ئامانجی سەردانەکە بەرزکردنەوەی هاریکاری نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بوارەكامی ئابووری و داراییدا.
*چارەسەرکردنی کێشەکان: سەردانەکە بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا دەكات، بە گوێرەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.
* پەرەپێدانی پەیوەندییەکان: ئامانجی سەردانەکە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بکات.