دەچنە فەڕەنسا
دوو هۆکار کۆچبەرانی لە بەریتانیا تۆراندووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بە گوێرەی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بێت، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە بەریتانیا دەپەڕنەوە بۆ فەرەنسا زیادی کردووە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 100 پەنابەریش لە کاتی چوونیان دەستگیرکراون.
بەهۆی زیادبوونی ئەو کۆچە پێچەوانەیە، کەناڵی ئینگلیز بووە بە یەکێک لە قەرەباڵغترین رێگای پەنابەر و کۆچبەران.
بە گوێرە ئاماری دەزگای لوتکە کە ئەمڕۆ شەممە 7.9.2024 بڵاویکردەوە، دەیان هەزار کۆچبەر بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە بەرەو بەریتانیا، بەڵام ماوەیەکە هەندێکیان گەشتەکەیان بە ئاراستەی پێچەوانە ئەنجامدەدەن، هەرچەندە پەراوێزخراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چاودێریی ئەم دیاردەیە دەکەن، کە بە لێشاوی پێچەوانە ناوی دەبەن.
دەزگاکە دەڵێت، بەپێی ئەو ئامارانەی دەستیان کەوتووە، لەسەرەتای ساڵی 2024 زیاتر لە 100کۆچبەر بەهۆی پەڕینەوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا کە لە ساڵانی پێشوودا کەمتر لە پێنج کەس ئەم جۆرە گەڕانەوەیان ئەنجامداوە.
بەڕای دەزگاکە لە نێو ئەو لێشاوی پێچەوانەدا دوو جۆر کۆچبەر هەن: یەکەمیان ئەو کۆچبەرانەن کە ئامانجیان فەرەنسا بووە وەک دوا شوێنی خۆیان لەڕێگەیی بەریتانیاوە، ئەوانە زۆرجار لە ناو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیدا دەستگیر دەکرێن، لە شەمەندەفەردا یان بە کەشتی لە سنووری فەرەنسا لەلایەن گومرگ یان پۆلیسەوە دەستنیشان دەکرێن، بۆیە دیپۆرتکردنەوە وەردەگرن لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن دادەنرێن، یان سوودمەند دەبن لە رێوشوێنی گەڕانەوە و هەندێکیان داوای مافی پەنابەریش دەکەن.
دەزگای لوتکە دەڵێت، جۆری دووەم ئەو کۆچبەرانەن کە بێ ئومێد دەبن لە ژیان و یاسا و مافی پەنابەران و کارکردن لە وڵاتی بەریتانیا، بۆیە هانا دەبەنە بەر گەڕانەوە بۆ وڵاتی فەرەنسا. بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای لوتکە، قاچاخچییەکان داوای نزیکەی دوو هەزار یۆرۆ دەکەن بۆ گەشتی گەڕانەوە بە بار هەڵگر.