بەبێ بەرامبەر بەشدارى دەکەن
لە رێگەى فێستیڤاڵێکەوە خانمانى ئیدارەى راپەڕین بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە
964+
وریا فەتاح
گروپى خانمانى پەرى، لە 19ـى ئەم مانگە فێستیڤاڵێک بۆ خانمانى ئیدارەى راپەڕین دەکاتەوە و تێیدا خانمان دەتوانن بەرهەمە دەستییەکانیان ساغ بکەنەوە.
گروپى خانمانى پەرى گروپێکى ژنانە و کچانەى سەر بە ماڵى کەپەپوورى و رۆشنبیرى قەڵادزێیە و لە 11.11.2023 دامەزراوە.
لە بانگەوازێکدا گروپەکە داوا دەکات، وەک رەخسانى هەلى کار بۆ ژنانى سنوورەکە، لە رۆژانى 19 و 20ـى ئەم مانگە، لە دەربەندى رانیە فێستیڤاڵێک دەکەنەوە و ژنان دەتوانن بەشدارببن و بەرهەمە دەستییەکانیان ساغ بکەنەوە.
عەلى قادر، لێپرسراوى ماڵى کەلەپورى و رۆشنبیرى قەڵادزێ بە 964ـى وت،”گروپى خانمانى پەرى لە 80 ژن و کچ پێکهاتووە و لە رابردوودا 12 هەلیکارى بۆ ژنان دۆزیوەتەوە و ئێستا خاوەن پیشەى خۆیانن، لە پاڵ ئەوەشدا ماڵى کەلەپوورى بەشدارى بە 1300 ژن کردووە لەو خولانەى لە بارەى دوورمان و کارى دەستى کردویەتییەوە”.
وەک ئەوەى عەلى قادر باسى دەکات، ماڵى پەرى جگە لەو فێستیڤاڵانە هەموو هەفتەیەک یەک رۆژ هەفتەبازاڕ لە یەکێک لە شار و ناحیەکانى سنوورى ئیدارەى راپەڕین بۆ ئەو ژنانە دەکاتەوە کە ئەندامن تێیدا تا بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.
“فێستیڤاڵەکەى دەربەندى رانیە دوو رۆژ لە کاتژمیر 11 بۆ 8ـى ئێوارە بەردەوام دەبێت و ژنان بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و دەیانفرۆشن”، عەلى قادر واى وت.