موچەخۆران موچەکانیان پێ وەرناگیرێ
ئامێرەکانی ATMـی کۆیەش کێشەیان هەیە
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.9.5، نزیکەی 17 کاتژمێرە بەشداربووانی بانکی ئارتی لە شاری کۆیە لەبەردەم ئامێرەکانی ATM وەستاون و ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن، هۆکارەکەشی تێکچوونی هەژمارەکەیە و تا ئێستاش کێشەکەیان چارەسەرنەکراوە، بەشێکی مووچەخۆرانیش دوای چەندین جار سەردانی کردن بۆ راکێشانی مووچەکانیان بێهیوا بوون رۆیشتنەوە ماڵەکانیان.
خەڵکەکە خۆیان دەڵێن، تەنیا ئەوانەی بەشداربووی بانکی ئارتین ئەو کێشەیان هەیە، لە تەنیشتییەوە بانکی جیهان هەیە مووچەخۆران بێ کێشە مووچەکانیان بە خولەکێک وەردەگرن.
رابەر دلزار، مووچەخۆرە و بەشداربووی بانکی ئارتییە، بە 964ـی وت، من لە دوێنێوە شەش جار هاتووم و ئامێرەکە کێشەی هەیە و پێمان دەڵێن “تیم دەنێرین”، نازانین ئەو تیمە کەی دەگات لەسەر پشتی کیسەڵ دێت یان لەسەر چی دێت؟ پێشتر مووچەمان لە دائیرە وەردەگرت و هیچ کێشەیەکمان نەبوو.
ئامێری ATM لە بەرواری 2024.6.5 لە شاری کۆیە دانرا، ئەمە یەکەم جارە موچەخۆران لە رێگەی هەژماری من و ئامێری ATMوە موچەکانییان وەردەگرن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر