"راهێنانی تایبەتی لەسەر کراوە"

لە سلێمانی سیستمی ئەلیکترۆنی داواکردنی دەرمان کارا کرا

شۆڕش قادری

لە سلێمانی سیستمی ئەلیكترۆنی داواكردنی دەرمان و پێداویستی نەخۆشخانەكان کارا کرا.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، “لە كۆگای دەرمانی هەرێم لە سلێمانی سیستمێكی نوێی ئەلیكترۆنی داواكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی دروستكراوە و کاری پێدەکرێت”.

“ئەو سیستمە زۆر كاریگەر و چالاكە لە ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كۆگاكە بەشێوەیەكی رێكوپێك و بۆئەوەی نەخۆشخانەكان بتوانن داواكاری دەرمان و پێداویستی پزیشكی ڕاستەوخۆ لە كۆگای دەرمانی هەرێم ئەنجام بدەن”، تەندروستی سلێمانی وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەدا، ڕاهێنانێكی تایبەت لەسەر سیستمی داواكردنی ئەلیكترۆنی بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە نێوان نەخۆشخانەكان و كۆگای دەرمانی هەرێم لە شاری سلێمانی ڕێكخراوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، “ئەو ڕاهێنانە تیشك دەخاتە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی داواكردنی دەرمان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەنەخۆشخانەكانەوە بۆ كۆگای دەرمانی هەرێم، ئەو هەنگاوە كاریگەری ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر باشتركردنی كارایی و خێرایی وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكان”.