بێ نیشانەی هاتوچۆیە
مەفرەقی حاجیاوا بووەتە هۆی روودانی زۆرترین رووداوی هاتوچۆ
964+
ژێوار خدر
دەروازەی حاجیاوا کە بە مەفرەقی حاجیاواش ناسراوە، هیچ رووناکییەک و نیشانەیەکی هاتوچۆی لێنییە و ئەمەش وایکردووە بەردەوام رووداوی هاتوچۆ لەو شوێنەدا رووبدات، هەر دوێنێ ئێوارە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە دوو کەس گیانییان لەدەستدا و بەگشتیش لەم مانگەدا سێ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە هەمان شوێن گیانییان لەدەستداوە.
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت، ئەگەر یەک کەسیش گیان لەدەستبدات لە یەک مانگدا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە زۆرە، بەڵام هۆکاری نەبوونی هیچ نیشانەیەکی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم رێگایە تاوەکو ئێستا لەبەردەستی کۆمپانیایەکی چاک کردنی رێگاوبانە.
وتیشی، پێویستە کۆمپانیاکە خۆی نیشانەکان دابنیت، یان رێگاکە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت ئینجا ئێمە دەتوانین نیشانەکانی هاتوچۆی لێ جێگیر بکەین.
روونیشیکردەوە، ئەوان داوایان کردووە، کە رێگاکە لەلایەن حکومەتەوە وەربگیرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی پێویستە بۆ رێگاکە جێبەجێی بکەن.