دەرماڵەی خوێندکاران دەبێت بە یاسا

میدیازان – پێشەوا  محەمەد – سلێمانی

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هەوڵدایە بە پڕۆژەیاسایەک دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بکات بە یاسا.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ساڵانە لەنێوان ١٢٠ تا ١٥٠ هەزار خوێندکار لە دەرماڵەی خوێندن سوودمەند دەبن.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە میدیازانی راگەیاند: پڕۆژەیاسایەکمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شورای هەرێم تا دەرماڵەی خوێندکاران بکرێت بە یاسا و پەسەندی بکەن و بنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان.

بە پێی زانیاریی وتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ساڵانە بڕی ٧ ملیار دینار بۆ دەرماڵەی خوێندکاران پێویستە، کە بۆ هەر خوێندکارێکی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار و خوێندکاری دەرەوەی شاریش بڕی ٦٥ هەزار دیناریان پێ دەدرێت.

وتیشی: “ئەو یاسایە هاوکار دەبێت دەرماڵەی خوێندکاران بەردەوام بێت و ساڵانە بوودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت و لە کاتی خۆیدا بەسەر خوێندکاراندا دابەش بکرێت.”