دوودڵ مەبە لە خواردنی
نەخۆشی ناو مریشکەکان مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان نییە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بە وتەی پسپۆڕێکی ڤێتەرنەری، ئەو نەخۆشییەی لەناو مریشک و پەلەوەردا پەیدا بووە، هیچ مەترسییەکی بۆ سەر هاوڵاتیان نییە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دوو نەخۆشی ڤایرۆسی لەناو مریشکدا، ترس لای هاوڵاتیان دروست بووە بەرامبەر خواردنی مریشک، پزیشکێکی پسپۆریش دەڵێت، تا ئێستا ڤاکسینێکی تایبەت بەو جۆرە ڤایرۆسە نییە کە لە کوردستان بڵاوبووەتەوە و دروست نەکراوە.
د. نەهلە محەمەد پسپۆری ڤێتەرنەری مایکرۆبایۆلۆجی بە 964ـی وت، “ئەو نەخۆشیانەی لەناو مریشکدا بڵاوبوونەتەوە، تایبەتمەندە بە پەلەوەر خۆی و هیچ کاریگەرییەک لەسەر مرۆڤ دروست ناکات لەکاتی خواردنیدا”.
“ئەو مریشکەی لە پەلەوەرخانەدا بەخێو دەکرێت، تا تەمەنی نزیکەی 45 رۆژ بەخێو دەکرێت و ناسکە، هەربۆیە بەرگری لەشی بە شێوەیەکە کە تووشی ئەو ڤایرۆسە نابێت”، د. نەهلە وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڤاکسینانەی بۆ چارەسەری نەخۆشی مریشک هەیە، تایبەت نییە بەو ڤایرۆسەی کە لە کوردستان بڵاوبووەتەوە و هەرچەند بەکار بهێندرێت، بەرگری ناکات لە نەخۆشییەکە، زۆرێک لە مریشکەکان بەهۆی نەخۆشی نیو کاسڵ و ئای بییەوە مردار دەبنەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری