رۆژهەڵاتی کوردستان

لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش کەس گیانیان لەدەست دا و 30ی دیکەش برینداربوون

+964

شۆڕش قادری

جارێکی تر زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن بوونە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ و  لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی پێکدادانی دوو پاس و ئۆتۆمبێلێک، شەش زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 30ـی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری ئەفشین یەگانە بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای کرماشان بڵاویکردەوە، “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 27.8.2024 لە سەر رێگای نێوان ئیلام – کرماشان دوو پاس و ئۆتۆمبێڵێکی تایبەت لە جۆری رانا کە هەڵگری زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن بوون، خۆیان بەیەکدا کێشاوە و لە ئاکامدا شەش زیارەتکار گیانیان لەدەستداوە و 30ـی دیکەش بریندار بوون”.

“پێنج کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بوون و ئەوەی تریشیان سەرنشینی یەکێک لە پاسەکان بووە، بریندارەکانیش رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی ئیسلام ئاوای رۆژئاو و کرماشان کراون”، ئەفشین یەگانە وادەڵێت.

بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای کرماشان راشیگەیاندووە، ئەو زیارەتکارانە لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەڵا گەڕوانەتەوە و لەو رێگایەدا تووشی ئەو رووداوە بوون.

پێشتر و 20ـی ئەم مانگە، بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک لە پارێزگای یەزدی ئێران، کە زیارەتکارانی پاکستانی لە ئێرانەوە دەگواستەوە عێراق، 28 زیارەتکار گیانیان لەدەست دا و 23ی دیکەش برینداربوون.

پاسێکی زیارەتکاران وەرگەڕا و 28 کەس گیانیان لەدەست دا

پاسێکی زیارەتکاران وەرگەڕا و 28 کەس گیانیان لەدەست دا