لە ئێران

پاسێکی زیارەتکاران وەرگەڕا و 28 کەس گیانیان لەدەست دا

شۆڕش قادری

بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک کە زیارەتکارانی پاکستانی لە ئێرانەوە دەگواستەوە عێراق، 28 زیارەتکار گیانیان لەدەست دا و 23ی دیکەش برینداربوون.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، کاتژمێر 9:54 خولەکی شەوی رابردوو، پاسێکی کە هەڵگری 51 زیارەتکاری پاکستانی بووە و بەنیازبوون بەشداری رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا بکەن، لە سەر رێگای دێهشیر – تەفت لە پارێزگای یەزد وەرگەڕاوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 28 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23ی دیکەش بریندار بوون.

محەمەد عەلی مەلەکزادە بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای یەزد رایگەیاندووە، بریندارەکان رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی رەهنمون و ئەبەرکێو و تەفت کراون  و باری تەندروستی 14 کەسیان ناجێگیرە.

“پارێزگاری یەزد داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە، فڕۆکەیەک بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ پاکستان دابین بکات”، مەلەکزادە وای وتووە.