حکومەت قسە ناکات و وەزارەتى دارایى وەڵامى تەلەفۆن ناداتەوە
50 رۆژ بەسەر دابەشکردنى دواین موچەدا تێدەپەڕێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنى موچەى مانگى شەشى فەرمانبەرانى هەرێمدا تێدەپەڕێت، هەر رۆژە و میدیا و پەرلەمانتارێکى کورد لە بەغدا لە بارەى هاتن و نەهاتنى موچە لێدوانێک دەدەن و هەواڵێک بڵاو دەکەنەوە، ئەوەى قسەى نییە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى داراییەکەیەتى.
رۆژى 4.7.2024، بڕی 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی شەش خراوەیە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
بەشێك لە پارەی موچە نێردرا و یەکشەممە دابەش دەکرێت
7.7.2024 دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگى شەشى کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی کرا.
رۆژى 9.7.2024، بڕی 421 ملیارو 760 ملیۆن دینار، وەک بەشێک لەشایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
چەند کاتژمێرێک دواتر وەزارەتى دارایى خشتەى موچەى راگەیاند و دوو رۆژ دیاریکرا بۆ دابەشکردنى موچە.
ئەمڕۆ 50 رۆژ تێدەپەرێت موچە دەنگى نییە، لە دوو هەفتەى رابردوودا رۆژ نەبووە پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق هەواڵى خەرجکردنى موچەى فەرمانبەران نەدات بە میدیاکان، بەڵام ئەوەى هەیە تەنیا هەواڵە و هیچى نەخستووەتە گیرفانى موچەخۆرانەوە.
ئەوەى مێش میوانى نییە وەزارەتى دارایى هەرێم و حکومەتى هەرێمە، لە بارەى هەموو شتێکەوە راگەیەنراویان هەیە و چالاکى بڵاو دەکەنەوە، جگە لە موچە.
وەزارەتى دارایى هەرێم وتەبێژى ئەو وەزارەتە وەڵامى پەیوەندى تەلەفونى ناداتەوە و لەو ماوەیەدا 964 چەندین جار پەیوەندى پێوەى کردووە و وەڵامێک نەبووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لە هەندێك میدیای نزیك لە حكومەتی هەرێم هەواڵی ناردنی 550 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی لە حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق، هەروەها لە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم هیچ لێدوانێكیان لەمبارەیەوە نەداوە و كەسێك نییە هەواڵەكە پشتڕاست بكاتەوە.