لقی عێراقی تۆیۆتا ئەگەری هێنانی تۆیۆتا کراون دەخاتەڕوو
964+
دیلان محەمەد
تۆیۆتا کراون، ئۆتۆمبێلی خەونەکانی زۆرێک لە ھەوادارانی ئۆتۆمبێل، دوای ساڵانێکی زۆر، جارێکی دیکە کۆمپانیای بەرھەمھێنەر دەیخاتەوە بازاڕەکانی جیھان.
محەمەد مونیر بەڕێوەبەری شۆوڕوومی کۆمپانیای تۆیۆتا ساز بە تۆڕی 964ی وت، تا ئێستا ھیچ بڕیارێکیان بە دەست نەگەیشتووە کە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کراون بێتە عێراق، بەڵام ھاوڵاتیەکی زۆر پرسیاریان کردووە لەبارەی ھاتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەوە.
ئەوەشی خستەڕو، ھێنانی کراون لەلایەن تۆیۆتا عێراقەوە دەبێت و سەرەتا کۆمەڵێک تاقیکردنەوە دەکرێت لەسەری، کە ئەو ئۆتۆمبێلە گونجاوە بۆ ئەم وڵاتە یاخود نا.
باسی لەوەشکرد، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل ھەیە نانێردرێت بۆ عێراق، لەبەر نزمی و جۆری بەنزین و کەش و ھەوا، بۆ ئەوەی بازاڕیان نەشکێت.
وتیشی، بەردەوام رۆژانە ھاوڵاتی دێت و پرسیاری هێنانی ئۆتۆمبێلەکە دەکات، “ئێمەش نازانین کەی دێت یان ئاخۆ دەگونجێت بێت؟”.
لە ساڵی 1955 کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی دەستی بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کراون کردووە، لە ساڵی 1995 بەدواوە ئەو ئۆتۆمبێلە تەنھا بۆ ناوخۆی ژاپۆن دروستکراوە و لە ئەمساڵدا بڕیاریدا ئۆتۆمبێلی کراون بنێرێتە بازاڕەکانی جیھان.