ئه‌مشه‌و له‌ مه‌درید ئاگربارانه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی قۆناغی هه‌شتی جامی شای ئیسپانیا، ئه‌مشه‌و یاریی دێربیی مه‌درید به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دوو تیپیش گه‌یشتنه‌ قۆناغی پێشكۆتایی.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ـی كانوونی دووه‌م، یارییه‌كانی قۆناغی هه‌شتی جامی شای ئیسپانیا درێژه‌یان ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو به‌ سه‌ركه‌وتنی بارسێلۆنا به‌ 1-0 گۆڵ به‌سه‌ر ریال سۆسیداد ده‌ستیپێكرد.

هه‌روه‌ها دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، ئۆساسۆنا سوپرایزی كرد و به‌ 2-1 گۆڵ له‌ یانه‌ی سێڤییای برده‌وه‌ و له‌ ركابه‌رییه‌كه‌ كردییه‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌مشه‌و یاریی هه‌ره‌به‌هێز دێربیی مه‌درید ده‌بێت، كاتێك ریال مه‌درید له‌ یاریگه‌ی خۆیدا میوانداریی ئاتلێتیكۆ مه‌دریدی تیپی هاوشاریی ده‌كات.

یاریی دێربیی مه‌درید، هه‌موو كات به‌هێز و توندوتیژ و سه‌رنجڕاكێشه‌، هه‌ردوو تیپ ساڵانێكه‌ له‌ ئاستی خوله‌كانی ئیسپانیا و ئه‌وروپاش ركابه‌ری سه‌رسه‌ختی یه‌كترن.

ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌می “لالیگا” یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌ 2-1 گۆڵ له‌ ئاتلێتیكۆی برده‌وه‌.

بۆ یاریی ئه‌مشه‌و هه‌ردوو یانه‌ ئاماده‌ن، به‌ تایبه‌تی ریال مه‌درید، رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانییش پێكهاته‌ی پێشبینیكراوی بۆ هه‌ردوو تیپ به‌م شێوه‌یه‌ خستووه‌ته‌ڕوو.

ریال مه‌درید
گۆڵپارێز: تیبۆ کۆرتوا
بەرگری: ناچۆ، میلیتاو، ئالابا و مێندی.
ناوەڕاست: کاماڤینگا، کرۆس و مۆدریچ، ڤالڤێردی
هێرشبەران: ڤینیسیۆس جۆنیۆر و کەریم بنزێما.

ئاتلێتیكۆ مه‌درید
گۆڵپارێز: ئۆبلاک.
بەرگری: مۆلینا، ساڤیچ، هێرمۆسۆ و رێنێلدۆ
ناوەڕاست: کۆکی، دی پاوڵ، لێمار، کۆریا.
هێرشبەران: مۆراتا و گریزمان.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مشه‌و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
ڤالێنسیا – ئاتلێتیك بیلباو 22:00
ریال مه‌درید – ئاتلێتیكۆ مه‌درید 23:00

له‌ جامی شای ئیسپانیا، تا قۆناغی پێشكۆتایی، هه‌ر تیپێك به‌ یه‌ك دۆڕاندن ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.